پەرلەمانتارێكی گۆڕان: داوا دەکات بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 10 رۆژ زیاتر نەبێت

‌بێستون فایەق، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان داوا دەكات بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لە 10 رۆژ زیاتر نەبێت بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان ماندووتر نەبن.

بێستون فایەق، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیانن، بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پارلەمانی كوردستان پێویستە ماوەی بانگەشە لە دە رۆژ زیاتر نەبێت، دەنگدەر بڕیاری پێشوەختەی خۆی دەزانێت و نابێت لەوە زیاتر دەرونی خەڵكی كوردستان بە ململانێ و شەڕە پەڕۆی سەر شاشەكان و گرژی هەڵبژاردنەوە ماندوو بكرێت كە هێشتا كەفوكوڵی هەڵبژاردنی پارلەمانی عیراق نەنیشتۆتەوە.

ناوبراو روونیكردەوە، لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو زیاتر لە بیست رۆژ بۆ بانگەشە دیاری دەكرا ئەو ماوەیە كاتێكی زۆر و سەرئێشەو بێزارییە بۆ خەڵك و هیچ سودێكیش بە كیانی سیاسی و كاندیدەكانیان ناگەیەنێت.

بێستون فایەق دەڵێت، خۆی، چەند هاوكارێكی دیكەی بە فەرمی داوایانكردووە  كاتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان كەمبكرێتەوە و بەو بەرفراوانییە رێگە بە هەڵواسینی پەڕۆ و دروشم و فلێكسی كیان و كاندید نەدرێت كە هەموو شوێنێكی شارو شارۆچكەكان دادەپۆشێت و جگە لە ناشرینی سیمای شارەكان و بەفیڕۆدانی پارەو بێزاری خەڵك، هیچ سوودێكی نییە.

بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، رۆژی یەكشەممەش دوا وادەیە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدی لایەنەكان بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی.


PM:01:56:26/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 4352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو