سوپای پاسداران: خەڵک و هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بە رەوشی نائارامیی ئێران هێنا


وێستگه‌ نیوز ـ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، خەڵک و هێزە ئەمنییەکان کۆتاییان بەو نائارامییە هێنا کە لە وڵاتەکەدا و بە هاوکاری دوژمنانی دەرەکی دروستببوو.

لە بەیاننامەیەکدا دوێنێ سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کرد، خەڵكی شۆڕشگێڕی ئێران و وەزارەتی هەواڵگریی و هێزە ئەمنییەکان زنجیری ئەو نائارامییەیان شکاند کە ئەمریکا و بەریتانیا و ڕژێمی زایۆنیستی ئیسرائیل و سعودیە دروستیان کردبوو.

هاوکات دوێنێ پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجامدا و تیایدا گفتوگۆی کرد لەسەر ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە 28ی مانگی رابردووەوە لە وڵاتەکەدا دژی حکومەت ئەنجامدران.

رێکخراوی هەڵسوڕاوانی‌ مافەکانی‌ مرۆڤ لە ئێران بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی‌ ئێران لە ماوەی‌ هەفتەیەکدا دوو هەزار و 94 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردووە. بەرپرسانی‌ ئێرانیشیان باسیان لە دەستگیرکردنی‌ هەزار خۆپیشاندەر کردووە.

لە رۆژی‌ 28ی‌ کانوونی یەکەمی 2017وە خۆپیشاندان لە زۆربەی‌ ناوچەکانی‌ ئێران دەستیپێکرد. خۆپیشاندانەکان لە میدیا جیهانییەکان چەندین کاردانەوەی‌ هەبووە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی‌ ئەمریکاش رایگەیاندبوو، لە ئێران کاتی‌ گۆڕانکاری هاتووە.

هەروەها ئەڵمانیا و یەکێتی‌ ئەوروپا و بەریتانیا و ئەنجوومەنی‌ ئاسایشی‌ نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە ئێران کردبوو توندوتیژی‌ بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت.

هاوکات میدیا فەرمییەکان تا ئێستا ئاماژەیان بە کوژرانی زیاتر لە 22 خۆپیشاندەر و دەستگیرکردنی‌ زیاتر لە دوو هەزار کەس کردووە.

هــ. ر


AM:08:41:08/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 3824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو