سوپای پاسداران هۆشداری ده‌داته‌ هه‌رێمی كوردستان

‌سوپای پاسداران هەڕەشە دەکات

وێستگه‌ نیوز ـ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە موشەک و تۆپی قورس بنکە و بارەگای ئەو گروپانەی بۆردومانکردووە، کە بە "تیرۆریستی" ناویبردوون، هاوکات هۆشداریشی داوەتە هەرێمی کوردستان لە داڵدەدانی ئەو گروپانە و بۆردومانکردنیان لە هەر شوێنێک بن.


سوپای پاسداران ئەمڕۆ هەینی 12ی ته‌مموزی 2019، لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە "بارەگای گروپە تیرۆریستییەکانمان بە موشەک و تۆپی قورس لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆردومانکردووە".

لەبەیاننامەکەدا سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردووە، لە هێرشەکاندا ژمارەیەکی "زۆر" لە ئەندامانی ئەو گروپانە کوژراون.

هۆکار بۆردومانەکانیشی گێڕاتەوە بۆ کوژرانی سێ ئەندامی سوپای پاسداران لە نزیک شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کورستان.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە هێرشەکاندا جگە لە بەکارهێنانی موشەک و تۆپی قورس، فڕۆکەی بیفڕۆکەوانیش بەکار هاتووە و پێشتریش لە رێگەی زانیارییە هەواڵگرییەکانەوە شوێنی بڵاوبوونەوەی ئەو گروپانە ئاشکرا کراوە.

دوای بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران چەند دیمەنێکی بۆردومانەکانی بڵاوکردەوە، کە دەردەکەوێت چەند ناوچەیەک بە موشەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان دەکرێت.

سوپای پاسداران داواشی لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کردووە، دوورکەونەوە لە شوێنی گردبوونەوەی ئەو گروپە چەکدارانە و کاربکەن لەسەر دوورخستنەوە و دەرکردنیان.

هەر لە بەیاننامەکەدا سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە: "ئەو بۆردومانە چەند ناوچەیەکی ناو هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە، کە دوای چەند جارێک ئاگادارکردنەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هات، بەوەی پێویستە ڕێگری بکەن لە چالاکی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، کە ناوبەناو لە ناوچەی سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی سەربازیی ئەنجام دەدەن".

جەختیشیکردووەتەوە، ئاسایشی و ئارامی ئێران بە گشتی و دانیشتوانی ناوچە سنورییەکان هێڵی سورە بۆ هێزە چەکدارەکان و سوپای پاسداران، کە موجامەلەی هیچ کەسێک ناکات و "تیرۆیستان" لە هەموو شوێنێک دەکاتە ئامانج.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا سوپای پاسداران داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە، هۆشدارییەکانی ئێران بە هەند وەربگرن و ڕێگە نەدات خاکەکەی بکرێتە شوێنی مانەوە و ڕاهێنا و چەکدارکردنی ئەو گروپە چەکدارانە و ئەنجامدانی چالاکیی لە دژی وڵاتێکی هاوسێیان.

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی نۆی ئەم مانگە ئاژانسی فارس نیوز بڵاویکردەوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، گروپێکی چەکداریی نەناسراو هێرشیانکردووەتە سەر چوار ئەندامی سوپای پاسداران لە شاری پیرانشار و سێ کەسیان کوژراون.

دەشڵێت، یەکێک لە کوژراوەکان ناوی "حاسڵ ئەحمەدییە" و خەڵکی گوندی ئیلخانی سەربە پیرانشارە و پلەی ئەفسەری هەبووە لە سوپا و بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بووە لە شاری پیرانشاری سەربە پارێزگای ورمێ.

لە بەرامبەردا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەبارەی حاسڵ ئەحمەدییەوە نوسیوویەتی، ناوبراو دەستی هەبووە لە ئازاردان و ئەشکەنجەدانی چالاکانی سیاسی و بنەماڵەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

رۆژی حەوتی ئەم مانگەش تۆپخانەکانی ئێران بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی باڵەکایەتیان لە سنوری چۆمان کرد.

هاوکات رۆژی شەشی مانگیش تۆپخانەکانی ئێران تۆپبارانی چەند گوندێکیان لە سنوری‌ ناحیەی‌ برادۆست کرد و بەو هۆیەشەوە هاوڵاتییەک شەهید بووە.

هــ. ر


PM:06:36:12/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 5052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو