رۆژنامه‌ی ژیان: عه‌لی باپیر ژنی چواره‌م ده‌هێنێت
وێستگه نیوز –
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌یه‌كی ناوخۆیی، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان ژنی چواره‌م ده‌هێنێت كه كچێكی ته‌مه‌ن 25 ساڵه و خانووی بۆ دابینكردووه، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ ناڕازییه.
رۆژنامه‌ی "ژیان" له ژماره‌ی ئه‌مڕۆیدا بڵاویكرده‌وه كه "عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، به‌نیازی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی چواره‌می هاوسه‌رگییه، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵ دروستكردوه، به‌شێك له‌به‌رپرسانی كۆمه‌ڵ پێیانوایه هاوسه‌رگیرییه‌كه‌له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌یان نابێت".
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه "عه‌لی باپیر، ئێستا دوو ژنی هه‌یه و ته‌مه‌نیان له چله‌كاندایه و ژنێكیشی كۆچی دوایی كردووه، چه‌ند رۆژێكه له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیایه به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی بۆ ژنه گه‌وره‌كه‌ی و شه‌ریفی كوڕی. هاوسه‌ری یه‌كه‌می له‌ساڵی 1996 كۆچی دوایی كردووه و خاوه‌نی 13 منداڵ و 10 نه‌وه‌یه و 7 كوڕ و 6 كچی هه‌یه".
به‌پێی زانیارییه‌كانی ژیان كه وه‌ك ده‌ڵێت له‌ناو كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه ده‌ستیكه‌وتوون، "عه‌لی باپیر خوازبێنی كچێكی 25 ساڵی خه‌ڵكی ناوچه‌ی پێنجوێنی كردووه و پرۆسه‌ی خوازبێنیه‌كه ته‌واو بووه و پێیدراوه، ته‌نانه‌ت وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ژنهێنانه‌كه خانوویه‌كی له‌نزیك مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵ له سلێمانی بۆ به‌كرێ گیراوه و له‌ئێستادا خانووه‌كه چۆڵه".
رۆژنامه‌كه له زاری ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه، بڵاویكرده‌وه كه "چه‌ند جارێكی تر ئه‌م بابه‌تی ژنهێنانه‌وه‌یه‌مان له مامۆستا عه‌لی باپیر تێكداوه و پێمان وتووه كه ناكرێت سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵ دوو ژن و سێ ژنی هه‌بێت و چه‌ند داخوازیكردنێكیشمان لێ تێكداوه".
وتیشی: "پێمان وتووه له‌م دۆخه‌دا ئه‌و بابه‌ته له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ به‌خراپی ده‌شكێته‌وه، دوو ساڵ پێش ئێستا باسی ژنهێنانی كرد و نه‌هێڵرا بیهێنێت".
سه‌ركرده‌كه‌ی كۆمه‌ڵ، جه‌ختیكرده‌ووه‌ته‌وه كه "مامۆستا عه‌لی باپیر له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی دیاره ئێمه پێمانخۆش نییه به‌خراپ باس بكرێت و له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌وه گله‌یی و ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت".
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "پێشتر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی خوازبێنیی كچی یه‌كێك له‌شێخه‌كانی نه‌قشبه‌ندی كردووه، بۆ خوازبێنییه‌كه ئه‌ندامی پێشوی په‌رله‌مانی عیراق و ژماره‌یه‌ك له شێخه‌كانی ناوچه‌ی هه‌ورامانی ناردووه، به‌ڵام داواكه‌ی له‌لایه‌ن شێخه‌كانه‌وه ره‌تكراوه‌ته‌وه".
شوان رابه‌ر، بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان، ڕه‌تیكرده‌وه ئیسلامییه‌كان له‌خه‌ڵكی ئاسایی زیاتر ژن بهێنن و وتی: "هۆكاری فره ژنی له‌لای ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه كه زیاتر خۆیان له‌حه‌رام و گوناه ده‌پارێزن و پابه‌ندن به‌شه‌رعه‌وه و پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری فره ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌حه‌ڵاڵی به‌هره‌مه‌ند بن، خۆیان له‌حه‌رام دوور بگرن".
وتیشی: "مامۆستا عه‌لی باپیر له‌ئێستادا هیچ پڕۆژه‌یه‌كی دیاریكراوی له‌به‌رده‌ست نییه بۆ هاوسه‌رگیری تر جگه له نیه‌ت و داخوازی تاببێته كێشه له‌نێو كۆمه‌ڵ ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه هه‌یه و مافی خۆیه‌تی، چی ده‌كات و چۆن ده‌كات".
ئه‌و ڕه‌تیكرده‌وه، ئه‌گه‌ری ژنی تر بهێنێت كێشه له‌نێو كۆمه‌ڵدا دروستبكات، وتی: "مامۆستا زۆر له‌وه گه‌وره‌تره و به‌ڕێزتره، رێگری لێبكرێت یا كێشه‌ی بۆ له‌ناو كۆمه‌ڵ دروست بێت ئه‌و كاروباری خۆی باشتر ده‌زانێت".
PM:02:23:26/11/2017
ئه‌م بابه‌ته 113663
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت