سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی: نامانه‌وێت به‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عیراق جیا ببینه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، عیراق پارچە پارچە دەبێت، بەڵام ئەوان نایانەوێت ئەو پارچە پارچەبوونە بەشەڕ بێت و نایانەوێت بە شەڕ جیاببنەوە، بەڵکو دەیانەوێت بە ئاشتی لە عیراق جیاببنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ عیراقدا بکەن.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی حزبەکەی وتووە، ''کۆتایی حکومەتی ئێستای عیراق لە کۆتایی حکومەتی رژێمی بەعس باشتر نابێت و وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست فەشەلیان ھێناوە و پێویستی بە نوێکردنەوە ھەیە، بۆیە عیراقیش پارچە دەبێت، بەڵام ئێمە نامانەوێت ئەو پارچەبوونە بەشەڕ بێت و دەمانەوێت بە ئاشتی لە عیراق جیابینەوە و ئێستاش ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ عیراق دانیشتن بکەین و بە گفتوگۆ لە عیراق جیابینەوە".

راشیگەیاندووە، کەرکوک ئەگەر داگیریش بکرێت و ھەموو ھێزی دنیا ئەرێ بداتە حەشدی شەعبی و حکومەتی عیراق، بە ھیچ شێوەیەک کوردستانیبوونی کەرکوک کەم نابێتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ''راستە خیانەت لە کەرکوک کراوە لە لایەن ھەندێک کەسی لایەنێکی کوردی بۆ بەرژوەندیی خۆیان، بەڵام پێویست بوو ھاوپەیمانان، بەتایبەت ئەمریکا بێدەنگ نەبێت".

هەر سەبارەت بە دۆخی کەرکوک عەلی عەونی دەڵێت، خەڵکێکی زۆر پەیوەندییان پێوەدەکەن بۆئەوەی بچن بەرگری لە کەرکوک بکەن، ئەوانیش لە ئێستادا چاوەڕێی فەرمانی سەرکردایەتی خۆیان دەکەن، بۆئەوەی ئەو خەڵکە بچن بەرگری لە کەرکوک بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنی 16 ی تشرینی یەکەمی 2017 هێزەکانی عیراق، بە فەرمانی عەبادی چوونە شاری کەرکوک و ئاڵای کوردستانیان لەسەر بینای پارێزگای کەرکوک هێنایە خوارەوە و ئاڵای عیراقیان لەسەر بیناکە هەڵکرد و جێگری پارێزگاری کەرکوکیش وەک پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت دیاریکرا.

به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی تشرینی دووه‌می 2017، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو سه‌نته‌ری شنگاله‌وه‌.

فەرماندەیەکی‌ پێشمەرگە لە شەنگال کە نەیویست ناوی‌ ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، هێزە عیراقییەکان لە هەردوو قۆڵی‌ تل قەسف و تل بەناتەوە هێرشیان کردە سەر شنگال.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە بۆ ئێن ئاڕ تی وتیشی‌: "لە ئێستادا شەڕ لە باشور و رۆژهەڵاتی‌ شنگال بەردەوامە".

ئەو فەرماندەیەی‌ پێشمەرگە ئەوەشی‌ وت: "لە ئێستادا هێزە عیراقییەکان لە ناوەندی‌ شنگالدان".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌پێی وته‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان هاتوونه‌ته‌ ناو شنگاله‌وه‌ به‌ ده‌ست هێزه‌كه‌ی حه‌یده‌ر شه‌شۆوه‌ بووه‌.

سه‌ركرده‌كه‌ی پارتی بۆ وێستگه‌ نیوز ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ سه‌نته‌ری قه‌زای شنگالدان.

هــ. ر


AM:09:39:17/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 18184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو