سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هۆكاری گرژییەكانی كەركوك ئاشكرا دەكات

‌د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

وێستگە نیوز-

د.یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێَت، ململانێ و گرژییەكان لەسەر نەوت و گازی كەركوكە كە بەداخەوە تائێستا داهاتەكەی، نە بۆ خەڵكی كەركوكە، نە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانە!.

سەبارەت بەبارودۆخی پارێزگای كەركوك، د.یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە "ئەم ململانێ و گرژییانە لەسەر نەوت و گازی كەركوكە كە بەداخەوە تائێستا داهاتەكەی، نە بۆ خەڵكی كەركوكە، نە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستانە.!".

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتوشیەتی "پێویستە هەموو لایەنەكانی ململانێ لەسەر كەركوك پەند لە مێژوو وەربگرن و بزانن كە هیچ كاتێك نەتوانراوە ململانێ لەسەر كەركوك، بە شەڕ یەكلا بكرێتە‌وە".

د.یوسف جەختیكردۆتەوە "نابێت جارێكی تر دانیشتوانی كەركوك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بكرێنە سوتماكی شەڕێكی خوێناویی تر، لەسەر ئەو نەوتەی سوودیان لە داهاتەكەی نەبینیوە". 

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان روونیشی كردۆتەوە "پێویستە هەموان كار بۆ ئەوە بكەین لەڕێی دیالۆگەوە ئەو گرژییانە چارەسەر بكرێن، چونكە ئەمجارە هەر شەڕێك لەسەر نەوتی كەركوك تەنها شەڕێكی ناوخۆیی نابێت، بەڵكو هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكانیش دەستێوەردانی تێدا دەكەن، پێویستە ئامانجی هەموان گەڕاندنەوەی داهاتی نەوت بێت بۆ خەڵكی كوردستان، بەتایبەت هاونیشتیمانمان لە كەركوك".

شه‌وی رابردوو ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانیی خۆی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی هێز و جموجوڵی سه‌ربازیی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ باشوری كه‌ركوك ده‌ربڕی و رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كه‌ی عیراق به‌ تانك و تۆپ و ئۆتۆمبیلی هامفی و هاوه‌نه‌وه‌ هاتونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌.

هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ ساڵی 2014 و دوای داگیركردنی چه‌ندین ناوچه‌ی عیراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، چووه‌ته‌ شاری كه‌ركوك و به‌رگریی له‌ ئاسایشی ئه‌و شاره‌ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته‌ ده‌ست ئه‌و رێكخراوه‌.

له‌دوای ریفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلولی 2017ی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی عیراق زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنی بۆ سزادانی هه‌رێم گرتوه‌ته‌به‌ر، له‌وانه‌ راگرتنی گه‌شته‌ ئاسمانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم و هه‌وڵدان بۆ داخستنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان.

له‌دوای ریفراندۆمیش چه‌ند جارێك به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان داوای گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا كردوه‌، به‌ڵام مه‌رجی به‌غدا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجامی ریفراندۆم هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌.

حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش رایگه‌یاندوه‌ كه‌ خوازیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌نا بۆ رێگه‌چاره‌ی دیكه‌ نه‌بات و هێرشێكی راسته‌قینه‌ نه‌كاته‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.


PM:06:30:13/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 13128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو