رۆستایی‌: حكومه‌تی‌ عیراق داوا ده‌كات سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ستبه‌كار بێته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز-پشتیوان جه‌مال 

په‌رله‌مانتارێكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق پێیوایه‌ بۆ گفتوگۆكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ عیراق، عیراق هه‌وڵی‌ سه‌پاندنی‌ مه‌رجی‌ زیاتر ده‌دات له‌وانه‌ش دروستكردنی‌ شاندێكی‌ باڵای‌ هه‌مه‌لایه‌ن به‌گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی كوردستانیش.  

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی تشرینی دووه‌می 2017، حکومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، "وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جه‌ختی‌ كردووەته‌وه‌ كه‌ پابه‌ندی‌ گرتنه‌به‌ری‌ رێگه‌ی‌ ده‌ستووری‌ و یاسایییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناكۆییه‌كانی‌ نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌كان و هه‌رێم، له‌ روانگه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ روونمانه‌وه‌ به‌ پێشوازیكردن له‌ هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك به‌م ئاراسته‌یه‌، له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ ده‌ستپێشخه‌ریی‌ ئایه‌توڵا سه‌ید سیستانی‌ و هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ عیراقییه‌كان و وڵاتانی‌ دۆستی‌ گه‌لی‌ عیراق به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستووری‌ عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناكۆكییه‌كان، رێز له‌و راڤه‌كردنه‌ی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ بۆ مادده‌ی‌ یه‌كه‌م له‌ ده‌ستوور ده‌گرین".  

حکومەتی هەرێم ئەوەشی وتووە کە "دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ بڕوامان وایه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سپێكردنی‌ دیالۆگێكی‌ نیشتمانیی‌ گشتگیر، بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناكۆكییه‌كان له‌ رێگه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ته‌واوی‌ هه‌موو مادده‌كانی‌ ده‌ستووری‌ عیراقه‌وه‌ به‌ جۆرێك ببێته‌ هۆی‌ زامنكردنی‌ پاراستنی‌ ماف و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ هاتوو له‌ ده‌ستووردا به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ زامنكردنی‌ یه‌كێتیی‌ عیراق وه‌ك له‌ مادده‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌ستووردا هاتووه‌". 

له‌سه‌ر داوای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عیراق، دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ له‌ رۆژی‌ 6ی تشرینی دووەمی 2017 بڕیاری‌ ژماره‌ 122ی‌ ده‌ركرد سه‌باره‌ت به‌ راڤه‌كردنی‌ مادده‌ی‌ یه‌كه‌م له‌ ده‌ستووری‌ عیراق كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌ "كۆماری‌ عیراق ده‌وڵه‌تێكی‌ فیدراڵیی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌، خاوه‌ن سه‌روه‌ریی‌ ته‌واوه كه‌ سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ تیایدا كۆماریی‌ په‌رله‌مانی دیموكراتییه‌، ئه‌م ده‌ستووره‌ زامنی‌ یه‌كێتی عیراقه‌".  

زانا رۆستایی‌، په‌رله‌مانتاری‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ وێستگه‌ نیوز-ی‌ راگه‌یاند، به‌یاننامه‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باشبوو، چونكه‌ پێشتر عه‌بادی‌ رایگه‌یاندبوو كه‌ ده‌بێت هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڕاشكاوانه‌ رای‌ خۆی‌ رابگه‌یه‌نێت كه‌ پابه‌نده‌ به‌ یه‌كپارچه‌یی‌ خاكی‌ عیراق و به‌دوای‌ راپرسی‌ ناڕوات.  

رۆستایی‌ وتی‌ "ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ‌ ده‌كات، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كان ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌یان لا روون نییه‌، چونكه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ ده‌ڵێت رێز له‌ بڕیاری‌ دادگا ده‌گرین، نه‌ك پابه‌ندین پێوه‌ی‌ یان جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ین".  

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مانای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ ریفراندۆم نایه‌ت، ناوبراو وتی‌ "پێموایه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ناڕاسته‌وخۆ ده‌یه‌وێت نیشانی‌ بدات ریفراندۆم كۆتایی‌ هاتووه‌، به‌ڵام حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستانیش ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان نییه‌، چونكه‌ میلله‌ت ده‌نگی‌ داوه‌". 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتیشی‌ "دادگای‌ ئیتیحادی‌ رۆژی‌ 20-11 ده‌توانێت هه‌موو لایه‌ك له‌و ئیحراجییه‌ رزگار بكات به‌وه‌ی‌ بڕیارێك ده‌ربكات كه‌ ریفراندۆم هیچ ده‌ستووری‌ نه‌بووه‌ و ئه‌نجامه‌كانی‌ هیچ به‌هایه‌كی‌ یاساییان نییه‌". 

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌ی وێستگه‌ نیوزدا كه‌ ئایا پێیانوایه‌ دوای‌ ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌منزیكانه‌ گفتوگۆكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌غدا ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌؟ په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ وتی‌ "پێموایه‌ حكومه‌تی‌ عیراق هه‌وڵ ده‌دات زیاتر مه‌رج بسه‌پێنێت، داوا ده‌كه‌ن شاندێكی‌ باڵای‌ هه‌مه‌لایه‌ن به‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامییه‌وه‌ تێیدا بێت و سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ستبه‌كار بێته‌وه‌ و رێگری‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان نه‌مێنێت".  

رۆژی‌ 25-9-2017 هه‌رێمی‌ كوردستان ریفراندۆمی‌ له‌ پارێزگاكانی‌ كوردستان و شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌نجامدا و 93%ی‌ هاوڵاتیان ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ دا.  

دواتر حكومه‌تی‌ عیراق زنجیره‌یه‌ك سزای‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا سه‌پاند و داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی كرد، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بڕیاریدا به‌ سڕكردنی‌ ئه‌نجامه‌كان، به‌ڵام حكومه‌تی‌ به‌غدا سووره‌ له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامی ریفراندۆم و پاشان ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر.


PM:04:30:14/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 15804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو