ئه‌بو عیزرائیل: به‌ فه‌رمانی عه‌بادی لە ئامادەباشیداین بۆ هێرشکردنە سەر کەرکوک

‌ ئەبو عیزرائیل

وێستگه‌ نیوز ـ 
ئەبو عیزرائیل رایدەگەیێنێت، عەبادی فەرمانی ئامادەکردنی هێزی داوە بۆ هێرشکردنەسەر کەرکوک و هێزەکانیش خراونەتە ئامادەباشیه‌وه‌، دەشڵێت: "لە دوو رۆژی داهاتوودا پێشبینی دەکەین رووداوی گەورە لە کوردستاندا رووبدات".

ئەبو عیزرائیل، وتەبێژی لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی به‌ ماڵپه‌ری رووداوی راگه‌یاند: لە چەند رۆژی رابردوودا بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوز کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازیی و ئەمنییەکان کراوەو تیایدا عەبادی فەرمانیداوە بە ئامادەکردنی پێنج  هێز لە حەشدی شەعبی، هێزی تاڵتونی، پۆلیسی فیدراڵی و سوپای عیراقی بەمەبەستی بڵاوبوونەوە و هێرشکردنەسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەتایبەتی کەرکوک.

وتەبێژی لیوای 40ی کەتیبەکانی ئیمام عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبوونەوەکەدا حاجی شبل زەیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی ئیمام عەلی و فەرماندە سەربازییەکانی دیکە رایانگەیاندووە، کە ئەوان ئامادەنین شەڕی کورد بکەن و خوێنی هاوڵاتیانی کورد بڕژێت.

ئەبو عیزرائیل دەشڵێت: "ئێستا هەموو هێزەکان لەو پەڕی ئامادەباشیدان، کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەبەشی (ج)ی سەربازی و چاوەڕێی فەرمانی سەرووی خۆیانن لە هەر چرکەساتێکدا فەرمان بکرێت، هێرشەکە ئەنجامدەدەن و لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بڵاودەبنەوە، بەڵام ئەوان بەهیچ شێوەیەک نایانەوێت شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە و کورد بکەن".

ئەبو عیزرائیل پێشبینی دەکات لە دوو رۆژی داهاتوودا "گۆڕانکاریی گەورە" لە کوردستان رووبدات، بەوتەی خۆی ئەوان چاوەڕێی ئەو گۆڕانکارییەن و ئامادەن پارێزگاریش لە کوردستان بکەن.

هــ. ر


PM:01:43:12/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 20894 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو