زاڵمای خەلیلزاد: قاسم سولەیمانی فشار لە حەشدی شەعبی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر کەرکوک

‌زاڵمای خەلیل زاد

وێستگه‌ نیوز ـ
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عیراق دەڵێت، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران فشار لە حەشدی شەعبی دەکات بۆ ئەوەی پەلاماری کەرکوک بدات.

زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عیراق لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قودسی ئێران کە ئێستا لە عیراقە فشاری خستووەتە سەر حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر کەرکوک.

هەروەها بەپێویستی زانیوە کە ئەمریکا رێگە بگرێت لەوەی گرژی لە ناوچەکەدا دروست ببێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ شه‌وی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر رایگه‌یاند كه‌ "په‌یامێكی‌ مه‌ترسیداریمان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ عیراقه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌".

ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی‌ عیراق بە حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و پۆلیسی فیدراڵی-یەوە سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كارین بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ باشوور و رۆژهه‌ڵاتی‌ كه‌ركوك و باكووری‌ موسڵ‌ هێرشێكی‌ گه‌وره‌ بكه‌نه‌سه‌ر كوردستان".

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دوای‌ ئه‌وه‌ دێت دوێنێ‌ شه‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق له‌ وتاری‌ هه‌فتانه‌یدا داوای‌ له‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كرد له‌ ناوچه‌ جێ‌ ناكۆكه‌كان رووبه‌ڕووی‌ سوپای‌ عیراق نه‌بنه‌وه‌.

هاوكات لاهور شێخ جه‌نگی به‌رپرسی ده‌زگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند كه‌ "به‌هۆی بڕیاری نه‌خه‌مڵیوی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، سه‌رباری بوونی هۆشیاری پێشوه‌خته‌، هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ رووی كردوەته‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان و زانیارییه‌كان ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌په‌له‌ ده‌ستپێشخه‌ری نه‌كرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان، ئه‌وا له‌ رۆژانی داهاتودا خاك و ژیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌ت ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م مه‌ترسی".

رۆژی 25ی ئه‌یلولی 2017، هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زاییه‌كان ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجامدا و زۆرینه‌ی هاوڵاتیان ده‌نگیان به‌ به‌ڵێ دا بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق.

له‌دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عیراق و توركیا و ئێران به‌ توندی دژی ئه‌نجامی ریفراندۆم بوونه‌وه‌ و به‌ڵێنیاندا زنجیره‌یه‌ك رێوشێن له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان بگرنه‌به‌ر.

هــ. ر


AM:08:29:12/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 6294 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو