كۆسره‌ت ره‌سوڵ: حساب بۆ بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی عیراق ناكه‌ین


وێستگه‌ نیوزـ

له‌ قه‌ڵای كه‌ركوك و به‌ ئاماده‌بونی د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك و كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی و محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکرات و کەمال کەرکوکی چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیانی كه‌ركوك، كه‌رنه‌ڤاڵی پشتیوانی له‌ ریفراندۆم  و ره‌تكردنه‌وه‌ و ئیدانه‌كردنی ئه‌و بڕیارانه‌ به‌ڕێوه‌چوو كه‌ له‌ به‌غداوه‌ له‌دژی پارێزگاری كه‌ركوك و ئه‌و شاره‌ ده‌رچووه‌.

له‌ وتارێكدا نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگاری كه‌ركوك رایگه‌یاند: "كه‌ركوك شاری برایه‌تی و قودس و دڵی كوردستانه‌ و رۆژی 25ی ئه‌یول رۆژی دیاریكردنی چاره‌نوسی گه‌لی كوردستانه‌ و كه‌ركوك هه‌ربه‌ كوردستانی ده‌مێنێته‌وه‌".

هه‌رله‌ كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ركوك شاری برایه‌تی و ته‌باییه‌ و پێشمه‌رگه‌ش به‌رده‌وام پاراستوویه‌تی.

راشیگه‌یاند كه‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ داوای  كرد خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌شداریی ریفراندۆم بكه‌ن و پشتیوانیی بكه‌ن.

جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی وتیشی، ئەگەر بەدیلێک هەبێت و قەناعەتیان پێ بکات ئامادەن ڕیفراندۆم دوابخەن بەڵام ئامادەنین بەبێ بوونی هیچ بەدلێک ڕیفراندۆم دوابخەن.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی ئیدانه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌شی كرد كه‌ له‌ به‌غداوه‌ دژی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌رچووه‌ و راشیگه‌یاند كه‌ هیچ حسابێك بۆ ئه‌و بڕیارانه‌ ناكه‌ن كه‌ دژی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌رچووه‌، چونكه‌ بڕیاره‌كه‌ سیاسییه‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ كه‌رنه‌ڤاڵه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌دا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ پشتیوانی له‌ ریفراندۆم و ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ لابردنی پارێزگاری كه‌ركوك و بڕیاره‌كانی دیكه‌ی دژبه‌و پارێزگایه‌ به‌ڕێوه‌چوو.


AM:10:19:19/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 4537 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو