به‌رپرسێكی‌ ئه‌منی‌ كه‌ركوك: پێكدادانی‌ سه‌ربازی‌ له‌نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ روونادات

‌دیمەنێک لە شاری کەرکوک

وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
به‌رپرسێكی‌ ئه‌منی‌ له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڕه‌شه‌كانی‌  حكومه‌تی‌ عیراق بۆ شاری‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان ته‌نها بۆ ترساندنی‌ خه‌ڵكه‌، ئه‌گینا پێكدادانی‌ سه‌ربازی‌ له‌ نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌  روونادات.

ئازاد جه‌باری‌، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند: "به‌ رای‌ من پێكدادان له‌نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ نابێت، به‌ڵام حكومه‌تی‌ عیراق ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن خه‌ڵك بترسێنن، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ش له‌ ئاماده‌باشیدایه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك، ته‌مه‌نناش ده‌كه‌ین هیچ شتێك روونه‌دات".

جه‌باری‌ وتیشی‌: "ئێمه‌ پێویستمان به‌ هێزی‌ عیراقی‌ نییه‌، له‌ 2014ه‌وه‌ تائێستا پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕ ده‌كات، به‌ڵام حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كه‌ ئێستا خۆیان ده‌رده‌حه‌ن ئه‌گه‌ر هیزی‌ هاوپه‌یمانمان نه‌بوایه‌ نه‌یانده‌توانی‌ بستێك زه‌وی‌ ئازاد بكه‌ن".

رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ هه‌فتانه‌یدا داوای‌ له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد له‌ ناوچه‌ جیناكۆكاندا روووبه‌ڕووی‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان نه‌بنه‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ ده‌ستوور ئه‌وان پارێزگارییان لێده‌كه‌ن.

شه‌وی‌ رابردووش حكومه‌تی‌ هه‌رێم وه‌ڵامێكی‌ توندی‌ عه‌بادی‌ دایه‌وه‌ و ئۆباڵی‌ هه‌ر شه‌ڕێكیشی‌ خسته‌ ئه‌ستۆی‌ عه‌بادی‌، هه‌ر شه‌وی‌ رابردووش ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر رایگه‌یاند كه‌ "په‌یامێكی‌ مه‌ترسیداریمان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ عیراقه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌".

ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی‌ عیراق بە حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و پۆلیسی فیدراڵی-یەوە سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كارین بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ باشوور و رۆژهه‌ڵاتی‌ كه‌ركوك و باكووری‌ موسڵ‌ هێرشێكی‌ گه‌وره‌ بكه‌نه‌سه‌ر كوردستان".

به‌هۆی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ رۆژی‌ 25-9-2017ه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌غدا ئاڵۆزبوونی‌ زۆری‌ به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و به‌غدا ژماره‌یه‌ك بڕیاری‌ توندی‌ به‌سه‌ر كوردستاندا سه‌پاندووه‌.

هــ. ر


AM:11:15:12/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 2614 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو