بە وێنە.. شەڕڤانان لە رەقە ژماره‌یه‌ك هاوڵاتییان لە دەست چەکدارانی‌ داعش رزگارکرد


وێستگه‌ نیوز ـ
شەڕڤانان لە بەردەوامیی‌ ئۆپراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فورات بۆ رزگارکردنی‌ رەقە لە دەست چەکدارەکانی‌ داعش دوێنێ 110 هاوڵاتییان لە دەست چەکدارەکانی‌ داعش رزگارکرد و لە شەڕەکانی‌ ئەو شارەشدا شه‌ش چەکداری‌ داعش کوژراون.

ماڵپەڕی‌ هێزەکانی‌ سوریای‌ دیموکراتیک (هەسەدە) وێنەی‌ ئەو هاوڵاتیانەی‌ رەقەی‌ بڵاوکردەوە کە لە دەست چەکدارەکانی‌ داعشدا بوون و شەڕڤانان بە باوەش رزگاریان کردوون و گواستونیانەتەوە بۆ ناوچەکانی‌ دوور لە گۆڕەپانی‌ شەڕ. ئەو هاوڵاتیانە زۆربەیان ژن و منداڵ و کەسانی‌ بە تەمەنن و شەڕڤانان لە ناو خانووە رووخاوەکاندا دەیانبەنە دەرەوە.

هاوکات ئاژانسی‌ هەواڵی‌ هاوار لە رۆژئاوای‌ کوردستان بڵاویکردووەتەوە، شەڕڤان لە بەردەوامیی‌ ئۆپراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فورات دا بۆ رزگارکردنی‌ رەقە لە دەست چەکدارەکانی‌ داعش، لە گەڕەکی‌ نیهاد لە شاری‌ رەقە 60 هاوڵاتی، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لە دەست چەکدارەکانی‌ داعش رزگارکردووە و گواستونیانەتەوە بۆ ناوچەی‌ ئارامەکان. 

هەورەها شەڕڤانان لە گەڕەکی‌ بەرید لە شاری‌ رەقە 70 هاوڵاتی تریان لە دەست چەکدارەکانی‌ داعش رزگارکردووە و ئەوانیشیان گواستووەتەوە بۆ ناوچەی‌ ئارام.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستا شەڕ لە گەڕەکەکانی‌ نیهاد، ئازادی و بەرید بە قورسی‌ لە نێوان شەڕڤانان و چەکدارانی‌ داعش بەردەوامیی‌ هەیە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، شەڕڤانان لە گەڕەکی‌ ئازادی‌ ئۆتۆمبێلێکی‌ چەکدارەکانی‌ داعشیان تێکشکاندووە و لە ئەنجامدا شه‌ش چەکداری‌ داعش کوژراون و شەڕڤانانیش لەو سێ گەڕەکەدا دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیی‌ ئەو چەکدارانەدا گرتووە.  

هاوكات دوێنێ جیهان شێخ ئەحمەد، وتەبێژی‌ ئۆپراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فورات رایگەیاند، شەڕڤانان زیاتر لە 85% شاری‌ رەقەیان کۆنتڕۆڵکردووە و بەمزوانەش هەواڵی‌ کۆنتڕۆڵکردنی‌ تەواوەتیی‌ شاری‌ رەقە رادەگەیەنن. 

هاوکات رۆژدا فەلات، فەرماندەی‌ ژووری‌ ئۆپراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فورات راگەیاندووە، لە چەند رۆژی‌ داهاتوودا بڕیار لە ئۆپراسیۆنی‌ کۆتایی‌ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی‌ شاری‌ رەقە دەدەن.

شەڕڤانان لە رۆژی‌ 6ی‌ حوزەیرانی‌ 2017ەوە لە چوارچێوەی‌ ئۆپراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فوراتدا هەڵمەتی‌ دەستپێکردنی‌ "جەنگە گەورەکەیان" بۆ ڕزگارکردنی‌ ناو شاری‌ رەقە راگەیاند و تا ئێستا شەڕ لە دژی‌ چەکدارانی‌ داعش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی‌ تەواوەتی‌ ئەو شارە بەردەوامە.

چەکدارەکانی‌ داعش شاری‌ رەقە بە پایتەختی‌ خەلافەتەکەی‌ خۆیان ناساند و ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت کە شاری‌ رەقە و دەورووبەریان لە کۆنتڕۆڵدایە.

هــ. ر


AM:09:00:09/10/2017












































ئه‌م بابه‌ته 2316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو