بە وێنە.. شەرڤانان بارەگای‌ ویلایەتی‌ رەقەی داعشیان کۆنتڕۆڵکرد

‌شەڕڤانان لە ویلایەتی دڵی داعشدا

وێستگه‌ نیوز ـ
شەڕڤانان بارەگای‌ ویلایەتی‌ رەقەی‌ چەکدارەکانی‌ داعشیان لەو شارەدا کۆنتڕۆڵکرد و 11 چەکداری‌ داعش کوژران و شەڕیش بە قورسی‌ لە پێنج گەڕەکی‌ رەقەدا بەردەوامە.

ئاژانسی‌ هەواڵی‌ هاوار، لە رۆژئاوای‌ کوردستان بڵاویکردەوە، شەڕڤانان لە چوارچێوەی‌ ئۆپراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فورات و جەنگە گەورەکە بۆ رزگارکردنی‌ رەقە بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان و دوای‌ نیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ هه‌ینی 29ی ئه‌یلولی 2017، بینای‌ ویلایەتی‌ رەقە، کە ئەمیرەکانی‌ چەکدارەکان بۆ کاروبارەکانی‌ خۆیان بەکاریان دەهێنا لە گەڕەکی‌ نیهاد لە رۆژئاوی ئەو شارەدا لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنتڕۆڵکرا.

ئاماژە بەوەشکراوە: ئەو بینایە کە شوێنی‌ بەڕێوەبردنی‌ کاروبارەکانی‌ ئەمیرەکانی‌ داعش بووە ژمارەیەک بەڵگەنامەی‌ جۆراجۆری‌ چەکدارەکانی‌ تیادا بووە و دەستیش گیراوە بەسەر مۆری چەکدارەکانی‌ داعش لە رەقەدا.

هاوکات لە نێوان شەڕڤانان و چەکدارانی‌ داعش لە پێنج گەڕەکەکانی‌ نیهاد، ئازادی، کوردان، هەنا و ئەمین شەڕ بە قورسی‌ بەردەوامی هەیە و لە شەڕەکانی‌ ئەو گەڕەکانەشدا 11 چەکداری‌ داعش کوژراون و تەرمەکانیشیان کەوتووەتە دەست شەڕڤانان.

هەر ئەمڕۆ شەڕڤانان لە بەردەوامیی‌ پێشڕەوییەکانیان لە گەڕەکی‌ نیهاد لە رۆژئاوای شاری‌ رەقە، دەستیان بەسەر عەمبارێکی‌ تری‌ چەکدارەکانی‌ داعشدا گرتووە، کە چەندین چەکی‌ جۆراجۆری‌ تێدا بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە شەڕڤانان رۆژی‌ 27ی‌ ئەیلولی 2017 لەدوای‌ تێکشکاندنی‌ چەکدارانی‌ داعش لە شەڕەکانی‌ گەڕەکەکانی‌ نیهاد و ئەندولوسدا، دەستیان بەسەر کارگەیەک و عەمبارێکی‌ چەک و تەقەمەنیی‌ چەکدارانی‌ داعشدا گرتبوو، کە ژمارەیەکی‌ زۆر مووشەکی‌ دوورهاوێژ، مووشەکی‌ دژە تانک، چەکی‌ جۆراجۆر و هاوەن و ژمارەیەکی‌ زۆر تەلەفون و بێتەلی‌ جۆراجۆری تێدابوو.


PM:09:57:29/09/2017
















ئه‌م بابه‌ته 2460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو