ملیۆنان بڵاوكراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی حه‌ویجه‌دا فڕێدرانه‌ خواره‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

فرۆكە جەنگییەكانی عیراق، ملیۆنان بڵاوكراوەیان لە ئاسمانی حەویجەوە بۆ خەڵكی ناوچەكە فڕێدایە خوارەوە‌و تێیدا مژدەی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانیان پێدەدەن، ئەوەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێكدا بە ناوی "قادمون یا حویجە".

بڕیاری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە، دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی ئابی 2017، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای تەلەعفەر‌و تەواوی سنوری پارێزگای نەینەوای راگەیاند.

بەپێی بەیاننامەیەكی ده‌سته‌ی راگەیاندنی جەنگی، ئەمڕۆ فرۆكە جەنگییەكان ملیۆنان بڵاوكراوەیان بۆ خەڵكی حەویجە بەرداوەتەوە‌و تێیدا لەوە ئاگاداركراونەتەوە، هێزە عیراقییەكان شەڕی رزگاركردنیان دەستپێدەكەن وەك چۆن پارێزگای نەینەوا لەژێر دەستی داعش دەرهێنراوە.

قەزای حەویجە كه‌ ده‌كه‌وێـه‌ 55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك و ناحییەكانی زاب و رەشاد و ریاز و عەباسی  لە ناوەڕاستی 2014ەوە كەوتونەتە دەست داعش‌و تێكڕا، 32%ی پارێزگای كەركوك پێكدەهێنن.

لەو بڵاوكراوانەدا بە ناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی "قادمون یا حویجە"، داوا لە خەڵكی قەزاكە‌و دەوروبەری كراوە تا دەتوانن پێكەوە بمێننەوە، لەو شوێنانەش دوربكەونەوە جێی چەكدارانی داعشە‌و دەبنە ئامانجی بۆردومانی ئاسمانی.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكە، خەڵكی حەویجەشی لەوەئاگاداركردۆتەوە، لە داهاتوودا لە رێگە‌و رێڕەوی سەلامەتی هەڵاتن ‌و دەرچوونیان لە ناوچەكە زانیارییان پێدەدەن.

ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی حەویجە، چەندینجار لەلایەن بەرپرسانی ئیداری‌و حزبی كەركوك ‌و هۆزە عەرەبەكانی شارەكەوە داواكراوە، بەڵام دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ حكومەتی عیراقی شەڕی قەزای تەلەعفەری پێشخست.

ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەلەعفەر له‌ 20ی ئابی 2017 دەستیپێكرد‌و لە ماوەی حەوت رۆژدا، قەزاكە لەژێر دەستی داعش دەرهێنرا‌و رۆژی چوارشەممەش 30ی ئلبی 2017، ناحیەی عەیازییە وەكو دواناوچەی ئەو رێكخراوە لە نەینەوا كۆنتڕۆڵكرایەوە.

ئەو ئۆپەراسیۆنە یەكەم شەڕی هێزە عیراقییەكان بوو دوای ئەوەی لە 10ی تەمموزی 2017، كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوەتی شاری موسڵ راگەیەندرا، ئەوەش پاش نزیكەی نۆ مانگ لە پێكدادان‌و روبەڕوبوونەوە لەگەڵ داعش.


PM:10:42:31/08/2017




ئه‌م بابه‌ته 4780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو