بۆ شه‌ڕی حه‌ویجه‌ پێشمەرگە چاوەڕوانی‌ هاوپەیمانانە


وێستگه‌ نیوزـ

بۆ بەشداریکردن لە شەڕی‌ رزگاركردنه‌وه‌ی قەزای‌ حەویجە-ی‌ رۆژئاوای‌ کەرکوک، تا ئێستا حکومەتی‌ عیراق پەیوەندی‌ بە پێشمەرگەوە نەکردووە، فەرماندەکانی‌ پێشمەرگەش پێیانوایە بەشداری‌ نەکردنیان لەو شەڕەدا کێشەی‌ لێدەکەوێتەوە و چاوەڕوانی‌ هاوپەیمانانن ئەو مەسەلەیان بۆ یەکلایی‌ بکاتەوە.

لیوا محەمەد قادر، فەرماندەی‌ میحوەری‌ داقوقی‌ باشوری‌ کەرکوکی‌ پێشمەرگە، بە دەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"پرسی‌ بەشداریکردن و نەکردنی‌ پێشمەرگە لە شەڕی‌ حەویجە لای‌ هاوپەیمانانە و چاوەڕوانی‌ هەڵوێستی‌ ئەوانین."

وتیشی‌"بڕیارە هەفتەی‌ داهاتو بۆ ئەو مەبەستە گفتووگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان دا بکرێت ، چونکە گەر هاوپەیمانان بیانەوێت، پێشمەرگە بەشدار دەبێت لەو شەڕەدا."

حکومەتی‌ عیراق هێزێکی‌ زۆری‌ لە ناوچەی‌ شەرگات بۆ دەستپێکردنی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ حەویجە کۆکردوەتەوە و وادەردەکەوێت کە دەیەوێت به‌بێ‌ پێشمەرگە ئەو شەڕە بکات، لەبەرامبەردا بەرپرسانی‌ پێشمەرگەش پێیانوایە شەڕی‌ حەویجە بەبێ‌ پێشمەرگە کێشەی‌ لێدەکەوێتەوە.

بەپێی‌ زانیاریەکانی‌ دەنگی‌ ئەمریکا، حکومەتی‌ عیراق داوای‌ کردووە رێگەی‌ پێبدرێت هێز بباتە باشوری‌ کەرکوک و لەو میحوەرەشەوە هێرش بکاتە سەر حەویجە، بەڵام پێشمەرگە گومانی‌ لەو هەنگاوە هەبووە و بەو داواکاریە رازی‌ نەبووە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ نازم کەهیە، رێکخەری‌ پەیوەندیەکانی‌ نێوان پێشمەرگە و حەشدی‌ شەعبی‌ لە باشوری‌ کەرکوک، بە دەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"وادیارە عیراق دەیەوێت تەنها لە شەرگات و هەندێ‌ ناوچەی‌ تری‌ دوور لەدەسەڵاتی‌ پێشمەرگەوە هێرش بکاتە سەر حەویجە، ئەمەش ئەوەی‌ لێدەخوێنرێتەوە کە بیەوێت بێ‌ پێشمەرگە ئەو شەڕە بکات."

هاوكات فەرماندەکانی‌ پێشمەرگەش ئاماژەبەوەدەکەن بەشداری‌ پێ‌ نەکردنیان لەشەڕی‌ حەویجەدا نیازخراپی‌ حکومەتی‌ عیراق دەگەیەنێت و پێیانوایە بەشداری‌ کردنیان دەبێتە هۆی‌ پاراستنی‌ ناوچەکەیان لەگێچەڵی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە داهاتودا.


PM:10:10:07/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 2860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو