قۆناغی دووه‌می ئۆپراسیۆنی رزگاركردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ ده‌ستیپێكرد

‌هێزە عیراقییەکان

وێستگه‌ نیوزـ

بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 29ی ئه‌یلولی 2017 یەکەکانی‌ سوپای‌ عیراق قۆناغی دووه‌می هێرشەکانیان بۆ سەر داعش له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ دەستپێکرد.

ده‌ستپێكردنی قۆناغی دووه‌می ئه‌و ئۆپراسپۆنه‌ی له‌لایه‌ن حەیدەر عەبادی، فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەکدارەکانی  عیراق راگه‌یه‌ندراو عه‌بادی رایگه‌یاند كه‌  بەڵێنیان بە عیراقییەکان داوە لە ماوەیەکی‌ کەمدا سەرجەم ناوچەکانی‌ حەویجە و دەوروبەری‌ لە رۆژئاوای‌ کەرکوک کۆنترۆڵ بکەنەوە و کۆتایی بە داعش  لەو قەزایە بهێنن.

له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا سوپا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق گوندەکانی" ئاغات و تەل نور و سرودە و عەکە و سەریج و هەنجیرە و شاوی و رەحمە و حەنگە و شەت جەدر و دەر و ڕەس حویەش و حەسج و زەراریە و نەمیسە و شەمیت و سەک و سەباغیە و ڕاویین و سەبیحەی سەروو  سەبیحەی خوار و عەرەب خەلیل و غەدیر شوک و جەسم رەباب"یان کۆنترۆڵکردوەتەوە.

رۆژی 21ی ئەیلولی 2017 دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، حەیدەر عەبادی فەرماندی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق بەبێ هەماهەنگی و بەشداریکردنی هێزی پێشمەرگە قۆناغی یەکەمی‌ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی حەویجەی لە ڕۆژئاوای کەرکوک ڕاگەیاند.

زۆربەی دانیشتوانی حەویجە سوننە مەزهەبن و ژمارەیان نزیکەی 325 هەزار هاوڵاتییه‌ و نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشبینی کردووە، نزیکەی‌ 85 هەزار کەسی‌ دیکە بەهۆی‌ ئۆپراسیۆنەکەوە ئاوارە بن.


AM:09:43:29/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 5600 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو