له‌نێوان ریاز و حه‌ویجه‌ 10 چه‌كداری داعش كوژران


وێستگه‌ نیوز –
به‌رپرسی‌ پۆلیسی‌ قه‌زا و ناحیه‌كانی‌ كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ بۆردومانكردنی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌ نێوان ریاز و حه‌ویجه‌ 10 چه‌كداری‌ ئه‌و رێكخراوه‌ كوژران.

عه‌مید سه‌رحه‌د قادر به‌رپرسی‌ پۆلیسی‌ قه‌زا و ناحیه‌كانی‌ كه‌ركوك بۆ وێستگە نیوز وتی‌: "رۆژی‌ 2017/9/9  له‌ سه‌عات 4:30 ده‌قیقه‌دا له‌ به‌رامبه‌ر گوندی‌ عه‌بدوڵا سه‌لوان له‌نێوان ریاز و حه‌ویجه‌ بۆردوومانی‌ چه‌كدارانی‌ داعش كرا".

وتیشی‌: "له‌ ئه‌نجامی‌ بۆردوومانه‌كه‌دا 10 چه‌كداری‌ داعش كوژران و دوو ئه‌میری‌ رێكخراوه‌كه‌ بریندار كران".

به‌رپرسی‌ پۆلیسی‌ قه‌زا و ناحیه‌كانی‌ كه‌ركوك ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ ئێستادا دوو ئه‌میره‌كه‌ی‌ داعش له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ حه‌ویجه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ سوپای عیراق ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌و ناوچه‌كانی ده‌روبه‌ری له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا فڕۆكه‌كانی عیراق ناوسراویان به‌سه‌ر ئاسمانی حه‌ویجه‌دا به‌ردایه‌وه‌ كه‌ داوایان له‌ هاوڵاتیان كردبوو خۆیان له‌ ناوچه‌كانی شه‌ڕ به‌ دوور بگرن بۆ ئه‌وه‌ی بێ زیان بن.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌كانی عیراق، له‌ شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ی باشووری كه‌ركووك، 48 ھه‌زار سه‌رباز له‌ ھێزه‌ جیاجیاكانی عیراق به‌شداری ئۆپراسیۆنه‌كه‌ ده‌كه‌ن و زۆرینه‌شییان له‌ پۆلیسی فیدڕاڵی ده‌بن، هه‌شت ھه‌زار ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و 200 تانكی له‌ جۆری ئه‌برامز و تی 72 و تی 55 له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌كارده‌ھێنرێن.

جیا له‌ فڕۆكه‌كانی عیراق و ھاوپه‌یمانان، دوو یه‌كه‌ی تۆپخانه‌ی سوپای ئه‌مریكا و فره‌نساش به‌شداری شه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ عیراق پیرۆزبایی له‌ عیراقییه‌كان كرد به‌بۆنه‌ی‌ "سه‌ركه‌وتنی‌ مه‌زن" له‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ رۆژئاوای‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا و به‌ڵێنی‌ دا به‌مزووانه‌ رێكخراوی‌ داعش له‌ناو ببات.


PM:11:44:10/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 6640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو