فراکسیۆنەکان لە بارەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمەوە گەیشتنە رێککەوتن

‌پەرلەمانی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ

فراكسیۆنەکانی په‌رله‌مانی كوردستان رێككه‌وتنیان له‌ باره‌ی کاراکردنەوەی سه‌رۆكایەتی هه‌رێم ئه‌نجامدا و لیژنه‌ی یاساییش راپۆرته‌كه‌ی ته‌واوكرد.


بەپێی زانیاریەكانی وێستگه‌ نیوز، فراكسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن لە بارەی کاراکردنەوەی دامەزرزاوەی سەرۆکایەتی هەرێم.

بەپێی  رێككەوتنەكە  لەدانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمان كەتایبەتە خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م له‌سه‌ر یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئەو بڕگەیە جێگەی بۆدەكرێتەوە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو جێگری دەبێت سەرۆكی هەرێمیش دەسەڵاتی جێگرەكانی دیاری دەكات.

هاوكات لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان راپۆرته‌كه‌ی له‌ باره‌ی یاساكه‌وه‌ ته‌واوكرد و پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ 8ی ئایاری 2019، بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌ و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

خه‌دیجه‌ عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: لیژنه‌ی یاسایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان گه‌یشته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ته‌واوكردنی راپۆرتی لیژنه‌كه‌ له‌ باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.

وتیشی: "سبه‌ینێ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ كاركردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌می بۆ ده‌كرێت".

هاوكات بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند: "لەگەڵ پارتی رێككەوتین، سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت و دەسەڵاتەكانی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاری دەكرێت".

جەختیشكردەوە، "بڕگەی سەرۆكی هەرێم لەپرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم جێگیركرا".

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ هاتنه‌ سلێمانی و له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رێككه‌وتنی واژوو كرد.

هــ. ر


PM:04:15:07/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو