پەرلەمان بۆ دەنگدان له‌سه‌ر پڕۆژە یاسای کاراکردنەوەی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم کۆدەبێتەوە
بینای پەرلەمانی کوردستان
وێستگه نیوز ـ
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووه، ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمان بۆ دەنگدان له‌سه‌ر پێشنیازی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم کۆدەبێتەوە.
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە نوسراوێکدا کە وێنەیەکی ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتووه، داوای لە پەرلەمانتاران کردووە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە.
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەشی بڵاوکردووەتەوە، کە بریتییە لە دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای پێشنیازی کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکاتی هەرێم.
پێشتریش خه‌دیجه عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان به وێستگه نیوزی راگه‌یاندبوو، سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی راپۆرتی لیژنه‌ی یاسایی ته‌واو بكرێت و بدرێته سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان.
فراكسیۆنی دوێنێ جارێكی دیكه پێشنیازێكی پێشكه‌ش كرد بۆ زیادکردنی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێم و دواتر خرایه ناو پڕۆژه یاساكه‌وه، بۆیە ئەگەر ئه‌مڕۆ بە زۆرینە دەنگی لەسەردرا، ئەوا ئەو بڕگەیە جێگیردەکرێت و سەرۆکی هەرێم دوو جێگری دەبێت.
ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان لە دوای ئەوە دێت، کە بڕیاربوو رۆژی 10ی نیسانی رابردوو پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر (پێشنیازی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوور) کۆببێتەوە، بەڵام سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بە پاساوی ئەوەی کاتی زیاتر بدرێت بە لیژنەی یاسایی پەرلەمان کۆبوونەوەکەی دواخست.
پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پێشنیازەکە کردووە و ئه‌مڕۆ خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌می بۆ ده‌كات و دەنگی له‌سه‌ر ده‌درێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 5ی ئایاری 2019، پارتی و یەکێتی رێککەوتنی نێوانیان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی هەرێم واژۆکرد.
شوان كه‌ریم زراری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی پارتی به وێستگه نیوزی راگه‌یاندبوو: دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كرێته‌وه كه ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، دواتر سێ رۆژیش پێویسته بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كاندیده‌كان.
ئه‌وه‌شی باسكرد، هه‌موو رێكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا له 12 بۆ 15 رۆژ زیاتر تێناپه‌ڕێت.
هاوكات دوێنێ سێشه‌ممه 7ی ئایاری 2019، هێمن هه‌ورامی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: سه‌رۆكی هه‌رێم دوو جێگری ده‌بێت، ته‌نیا سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت و جێگره‌كانی نایه‌نه په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان له لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه دیاری ده‌كرێن.
هــ. ر
AM:08:39:08/05/2019
ئه‌م بابه‌ته 2728
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت