بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان: پڕۆژەكەی ئێمە بۆ هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم پەیوەندی بە پڕۆژەی پارتییەوە نییە

‌عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان

وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال
بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەكەی ئەوان بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بە پڕۆژەكەی پارتییەوە نییە و دەڵێت، بۆ داهاتوو ئەگەر بزانن ناتوانن سیستەمی پەرلەمانی لە كوردستان جێگیر بكەن ئەو كاتە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە زیاد دەزانن.

عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە وێستگە نیوزی راگەیاند، پڕۆژەكەی ئەوان سەبارەت بە هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەپڕۆژەكەی پارتییەوە نییە و جیاوازە و وتی: "ئەوەی ئێمە پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێمە، نەك پڕۆژە یاسای درێژكردنەوە و هەڵوەشاندنەوە، بەڵام ئەوەی پارتی باسی هەمواری یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017 دەكەن كە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانە تا نووسینەوەی دەستوور".

ناوبراو روونیكردەوە، بەو پێیەی كە دەبوو لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش بكرێت، بەڵام ناكرێت، بۆیە ئەوانیش كە لە پڕۆژەكانی دیكە داوای سیستەمی پەرلەمانییان كردووە و بۆ قۆناغی ئێستا پێیان باشە سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسپێردرێت و كار بە یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2017 بكرێت، هەروەها دەبێت لە ساڵی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمان مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە.

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی: "لە قۆناغی ئێستا داوای هەڵپەساردنمان كردووە، بۆ داهاتوو ئەگەر بزانین ناتوانین سیستەمی پەرلەمانی لە كوردستان جێگیر بكەین ئەو كاتە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە زیاد دەزانین، چونكە ئەم دامەزراوەیە لە بنەڕەتدا بۆ هاوسەنگی هێز بووە لەنێوان پارتی و یەكێتی".
 
دوێنێ لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵپەسێردرا، ئەمڕۆش.
 
جه‌عفه‌ر ئیمنكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان  له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵپساردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "دوو پڕۆژه‌ یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هاتنه‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، یه‌كیان هی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، ئه‌وی تریان هی فراكسیۆنی گۆڕان بوو، هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی كرا چونكه‌ هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌‌ هاوشێوه‌ی یه‌كتربوون".

وتیشی: "هۆكاری ده‌رچوانی هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ده‌رفه‌تی زیاتر به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بدرێت تا یه‌كڕیزیه‌كی نیشتمانی بهێننه‌ دی تا هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری خۆی و ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ وروژێنرابوون له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌مانه‌ش یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌، كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ساڵی 1992وه‌ كێشه‌ و گرفتی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌ و ناسه‌قامگیری سیاسی دروست كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌‌و پڕۆژانه‌ی هاتن دوێنێ یه‌كلایی كرانه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵپه‌سێردرا تا ئه‌و سازانه‌ی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان دروست ده‌بێت".

هــ. ر


PM:02:41:12/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 1076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو