شاسوار عه‌بدولواحید: خۆم و خێزانه‌كه‌م به‌شداری خۆپیشاندانه‌كه‌ی سبه‌ینێ ده‌كه‌ین

‌ٍشاسوار عەبدولواحید

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، خۆی و خێزانەکەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکەی سبەینێدا دەکەن. لەبارەی ئەوەی دەوترێت قەرزاری حکومەتە بۆیە ناڕەزایی رێکدەخات دەڵێت، "چەند جارێکی‌ تریش وتومە ئەگەر ئەوان مەردن با ئیجرائات بکەن".


لەمیانی‌ بەشداریکردنی‌ لە بەرنامەی‌ تاوتوێی‌ کەناڵی‌ ئێن ئاڕ تی‌، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی‌ جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ لەوەڵامی‌ پرسیارێکدا کە گرەنتی‌ چییە خۆپیشاندانەکەی‌ شەممە ئاڵۆزی‌ تێناکەوێت، رایگەیاند، "گرەنتی‌ ئەوەیە کە خۆم و خێزانەکەم بەشداری‌ لە خۆپیشاندانەکەدا دەکەین و پێشم وایە خەڵکێکی‌ زۆر بەخێزانی‌ بەشداری‌ لەو خۆپیشاندانەدا دەکەن".

لەوەڵامی‌ پرسیارێکیشدا کە دەوترێت شاسوار عەبدولواحید، لەبەر ئەوەی‌ قەرزای‌ حکومەتە و حکومەتیش قەرزەکەی‌ لێدەسەنێتەوە، بۆیە ئەم ناڕەزایەتییانە رێکدەخات، سەرۆکی‌ جوڵانەوەی‌ نەوەی‌ نوێ دەڵێت، "پێم وایە ئەو پرسیارە شایەنی‌ وەڵامدانەوە نییە، بەڵام من چەند جارێکی‌ تریش وتومە ئەگەر ئەوان مەردن با ئیجرائات بکەن".  دەشڵێت، "من ئەگەر قەرزاربم پێم شەرم نییە، دێمە سەر تەلەفزیۆن و دەڵێم قەرزارم".

لەوەڵامی‌ ئەو پڕوپاگەندانەشدا کە دەڵێن کوڕی‌ خەڵک بەکوشت دەدرێت، شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، "ئێمە وەک خەڵک دەچینە پارکێک و خۆپیشاندان دەکەین دژی‌ نەبوونی‌ خزمەتگوزاری‌ و چەند داواکارییەکمان هەیە، ئایا ئەو پارکانە چی‌ لێیە تا ئێمە توندوتیژی‌ بەرامبەر بکەین؟، پارکی‌ ئازادی‌ لە سلێمانی‌ و شانەدەر لەهەولێر و نەورۆز لەدهۆک و باخی گشتی لە ناوبازاری هەڵەبجە، چی‌ لێیە تا خەڵک بەردبارانیان بکات؟".

ئەو قسەنای شاسوار عەبدولواحید لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ شەممە 22ی شوباتی 2020، دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و چەند داوایەکی دیکە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

هـ. ر

 


PM:08:33:21/02/2020


ئه‌م بابه‌ته 2388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو