شاسوار عەبدولواحید: کوان ئەوانەی رۆژانە خەریکی کۆبونەوەی جەماوەری بوون، بۆ ده‌رناكه‌ون


وێستگه‌ نیوزـ

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، کاتی‌ خۆی‌ باسی‌ ئەوەیان کردووە کە ئەگەری دروستبوونی‌ کێشەی‌ زیاتر و شەڕ هەیە، بەڵام پێیان وتراوە کە هیچ نازانن، کەچی‌ ئێستا لە کەناڵی‌ حزبەکانیانەوە دەهۆڵی‌ شەڕ دەکەوتن.

ئەمشەو شاسوار عەبدولواحید بابەتێکی‌ بە ناونیشانی‌ "کوان ئەوانەی رۆژانە خەریکی کۆبونەوەی جەماوەری و سیمینار و کۆڕ بوون؟ بۆ ئێستا دەرناکەون؟" بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "کاتی خۆی دەمانوت ئەگەری شەڕ و دروستبونی کێشەی زیاتر هەیە، کەچی پێیان دەوتین ئێوە هیچ نازانن و بە هیچ شێوەیەک ترسی شەڕ و گرانی و داخستنی سنور نییە، کەچی ئێستا خۆیان لە کەناڵە حیزبیەکانیانەوە دەهۆڵی شەڕ دەکوتن".

شاسوار عەبدولواحید لە بابەتەکەیدا ڕاشیگەیاندووە "هیوادارم ئەوانەی کە تەخوینی ئێمەیان دەکرد و وایان دەزانی لە خۆمانەوە قسە دەکەین و دژی وڵاتی خۆمان و نەتەوەی خۆمانین، ئێستا ڕاستی بابەتەکەیان بۆ ڕوون بوبێتەوە، کاتێک دەمانوت خەمی خۆمان نیە خەمی رشتنی خوێنی کوری فەقیرمان هەیە، ئەوانە دەیانوت هەرچی ڕوویدا بە ملی ئێمە و ئێمە لێی بەرپرسین، ڕۆژانە چەندین سیمینار و پانێڵ و کۆبونەوەی جەماوەرییان دەکرد، کەچی ئێستا بە زەڕەبینیش بۆیان بگەڕێی نایانبینیت".

لە درێژەی‌ بابەتەکەی‌ شاسوار عەبدولواحید دا هاتووە "ئێمە وڵاتی خۆمان خۆشدەویست، پێمان ناخۆش بوو ئەمەی هەمانە لەدەستمان بچێت، ئێمە زانیاری وردمان لابوو، ویستمان ڕاستگۆیانە بە خەڵکەکەی خۆمانی ڕابگەێنین و ڕاستگۆ بین، بەڵام هەندێک درۆکانی ئەوانیان پێ خۆشتر بوو وەک لە ڕاستیەکەی ئێمە".

شاسوار عەبدولواحید لە کۆتایی‌ بابەتەکەیدا نووسیویەتی‌ "ئێستایش نەچوە بچێت، ئینشائەڵا هەموو ترسەکانی ئێمە چارەسەر دەبن و هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕونادات، بەڵام تکام وایە جارێکیتر باوەڕ بەم سەرکردانە مەکەن کە درۆتان لەگەڵ دەکەن، باوەڕ بەوانە مەکەن کە لەکاتی پێویستیدا خۆیان دەشارنەوە، باوەڕیش بەوانە مەکەن کە لەکاتی پێویستیدا بێدەنگ دەبن و بێ هەڵوێست دەبن".

سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی هه‌ینی 13ی تشرینی یه‌كه‌می 2017 پێشمەرگە لە چەند ناوچەیەک کشایەوە و جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو شوێنەی کە هێزەکانی پێشمەرگە کشاوەتەوە خەتی تەماس بووە و سەنگەر نەبووە و شوێنەکانیش کوردستان نین".

جەعفەر شێخ مستەفا  وتیشی، شەوی ڕابردوو هێزێکی زۆری حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی کۆبوونەتەوە و نامەیان بۆ وەستا ڕەسوڵیش ناردووە کە سەنگەرەکان چۆڵبکەن، هەرچەندە پەیوەندی بە سەرکردەکانی عێراقەوە کراوە، بەڵام ئەوان هەر سوربوون لەسەر ئەوەی ئەو شوێنانە کۆنترۆڵبکەن".

هاوکات وەستا ڕەسوڵ، فەرماندەی‌ میحوەری‌ باشوری‌ کەرکوکی‌ پێشمەرگە ڕایگەیاند "پێشتر دیواری بەردینمان درووستکردووە لە دەوروبەری کەرکوک و ئێستا هێزەکانمان لەوێن، کە ئاسان نییە شکاندن و بڕینی ئەو دیوارانە لەلایەن دوژمنەوە و ئەوانەشی دەڵین پێشمەرگە سەنگەری چۆڵکردووە دوژمنی ئەم میللەتەن".

وتیشی "تا ئێستا هیچ ڕێگا چارەیەک بۆ ئەم دۆخە لەبەردەستدا نییە و ئێمە شوێنەکانی خۆمان دەپارێزین، هەرکات هێرشیش بکرێتە سەرمان وەڵام دەدەینەوە".


AM:12:03:14/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 17084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو