شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆسێی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و كه‌ركوك و پرسی نه‌وت و بودجه‌، په‌رله‌مانتارێكیش زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ڕوو.


حه‌سه‌ن ئاڵی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: دوای كۆتایی هاتنی پشووی جه‌ژنی قوربان و له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن بۆ گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه‌ و ماده‌ی 140ی ده‌ستوور.

وتیشی: "نزیك بوونه‌وه‌ی باش له‌ نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌، به‌ڵام پێناچێت له‌م سه‌ردانه‌دا بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان، چونكه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدیش فشارێكی زۆری له‌ لایه‌ن كوتله‌كانی دیكه‌وه‌ له‌سه‌ره‌".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ دانا جه‌زا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: دوو لیژنە لە نێوان بەغدا و هەولێر پێكهێندراوە یەكێكیان تایبەت بوو بە مادەی 140 و پێشمەرگە لیژنەیەكیش تایبەت بە پرسی بودجە و نەوت، پێشتر لیژنەكان لە هەولێر كۆبوونەوەیەكیان كردووە كە وەزیرانی دارایی و نەوتی عیراق و چەند بەرپرسێكی تر بەشداربوون، بڕیارە دوای جەژنیش لە بەغدا جارێكی تر ئەو لیژنەیە كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لەسەر ئەو پرسانە.

له‌ باره‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ رێككه‌وتنی كۆتایی، دانا جه‌زا رایگه‌یاند: رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر زۆر نزیكە، چونكە چەند وردەكارییەكی ماوە لەسەر میكانیزمەكان كە چۆن نەوت رادەست بكرێت و بودجەی هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت و دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان یەكلا بكرێتەوە.

له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری سه‌ردانی شاندێكی باڵای هه‌رێم بۆ به‌غدا درا، ئه‌مه‌ش وه‌ك نیه‌ت پاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غداو دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ش چه‌ند سه‌ردانێكی دیكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا ئه‌نجامدراون.



AM:10:22:15/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو