بەغداو هەرێم بەرەو واژوو کردنی رێککەوتنی درێژخایەن هەنگاو دەنێن

‌عادل عەبدولمەهدی و مەسرور بارزانی

وێستگه‌ نیوز ـ
سه‌ردانی شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق، هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و بەپێی زانیارییەکانی وێستگە نیوز، بەغداو هەرێم نیازی ئەوەیان هەیە رێککەونتی چوارساڵی واژوو بکەن.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16ی ته‌مموزی 2019، شاندی باڵای هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌كان و به‌رپرسانی حكومی، سه‌ردانی به‌غدایان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبوونه‌وه‌.

بەگوێره‌ی زانیارییه‌كان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی حکومەتی عیراق له‌سه‌ر پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی تەکنیکی بۆ دیاریکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتی چارەسەر کردنیان رێککەوتوون.

جه‌مال شكور، ئه‌ندامیئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: لە سەردانی شاندەکەی هەرێمدا بۆ بەغدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و كێشه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كراوه‌ و بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌ی بۆ ده‌ركراوه‌.

وتیشی: "له‌ بودجه‌ی 2019 دا له‌ ماده‌ی 10 ئه‌وه‌ چه‌سپاوه‌ كه‌ مووچه‌ نه‌كرێته‌ ناو كێشه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ساڵی 2020 ناردنی مووچه‌ مه‌رجدار كراوه‌ به‌ راده‌ستكردنی نه‌وت به‌ به‌غداوه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێت پێش دانانی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ ئه‌و پرسه‌ یه‌كلا بكرێته‌وه‌".

روونیشیكرده‌وه‌: ئەو لیژنانەی لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکدەهێندرێن هەنگاو بە هەنگاو کێشەکان چارەسەر دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی وێستگە نیوز، مەسرور بارزانی بە عادل عەبدولمەهدی وتووە، کە ئەو وەك دۆستێکی کوردستان ئومێدیی زۆریان پێی هەیە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

هەروەها دووپاتی پشتیوانی هەرێمی کوردستانیشی لە عادل عەبدولمەهدی و کابینەیەکەی کردووەتەوە، هیواشی خواستووە، سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی بنەمای دەستووری عیراق چارەسەر بکرێن.

مەسرور بارزانی ئەوەیشی راگەیاندووە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەشدارێکی راستەقینە بێت لە عیراق و پێگە، ئەرك و مافی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور دیاری بکرێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا عادل عەبدولمەهدی وێرای پیرۆزباییکردن لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، سوپاسی شاندی باڵای کوردستانیشی کردووە، کە وەك دەربڕینی نیازپاکی بۆ چارەسەری کێشەکان، سەردانی بەغدایان کردووە.

هەروەك بە سوپاسەوە ئاماژەی بەرۆڵی هەرێمی کوردستاندا، لە پێشوازیکردنی ئاوارەکانی شار و شارۆچکە عیراقییەکان، عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاندووە، هەرێمی کوردستان و عیراق بە یەکەوە ئەو وڵاتەیان بنیاتناوەتەوە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام و دانیشی بەوەداناوە، کە کێشەی جۆراوجۆر لەنێوان هەردوولا هەن و پێویستە چارەسەر بکرێن.

عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، کە گرنگ ئەوەیە نیازێکی باش بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەیە، بۆیە پێشنیازکراوە کە هەردوولا بەجیا رەشنوسێك ئامادەبکەن، بۆ خستنەڕووی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی دەستووری عیراق بۆ کێشەکان.

د. غالب محه‌مه‌د، به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: له‌ هاتنی شاندی باڵای هه‌رێم بۆ به‌غدا په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه‌، نازانرێت ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه‌ بۆ چییه‌ و باس له‌چی ده‌كرێت.

وتیشی: "بۆ ئێمه‌و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش گرنگه‌ هاتنی شاندی حكومی بۆ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌رنه‌بن، ده‌گه‌رێینه‌وه‌ بۆ چوارگۆشه‌ی سه‌ره‌تا كه‌ ساڵه‌كانی 2014 تا 2017یه‌و كه‌سمان سوودمان لێ نه‌بینین".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌پێی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز، هه‌ریه‌كه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق ده‌یانه‌وێت له‌بری رێككه‌وتنێكی ماوه‌ كورت، رێككه‌وتن بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ ئیمزا بكه‌ن.

به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی وێستگه‌ نیوز له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، لەسەردانی‌ شاندەکە دوو کۆبونەوە کراوە کۆبونەوەیەک کە گشتی‌ بووە باس لەوە کراوە کێشەکانی‌ نێوان هەرێم و بەغدا به‌شێوه‌یه‌كی ریشەیی‌ چارەسەر بکرێن له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مەسرور بارزانی‌،  سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئامادەیی‌ خۆی‌ نیشانداوە بۆ چارەسەری‌ پرسەکان و وتویەتی‌ ئەوان چییان دەکەوێتە سەرشان ئامادەن جیبەجێی بکەن.

به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی به‌شانده‌كه‌ داوه‌، هاوکار بێت بۆ رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا، پێشنیازیکردوە بۆ چوار ساڵ رێککەوتن بکرێت نەک بەشێوەی‌ پچرپچرو ساڵانە له‌پرسی بودجه‌دا كێشه‌كان سه‌رهه‌ڵنه‌ده‌نه‌وه‌، هاوكات له‌ رێگەی‌ دەستورەوە ئامادەیی نیشانداوە بۆ پرسی‌ ناوچە کوردستانیەکان رۆڵی‌ گرنگی‌ هەبێت بۆ گەیشتن بەچارەسەر.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وێستگه‌ نیوز، کۆبونەوەی‌ دووەم بچوککراوەبووە مەسرور بارزانی‌ قوباد تاڵەبانی‌ و فواد حسێن و بەرهەم ساڵح پێكەوە بۆ ماوەی‌ نیوكاتژمێر بەجیا كۆبوونه‌ته‌وه‌.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن لە شاندی‌ راوێژکارانی‌ سەرۆک کۆمار نوێنەری‌ لایەنە عیراقیەکان بەشدار بوون و خوێندنەوەی‌ ئەوان بۆ سەردانی‌ شاندەکە ئەرینی‌ بووه‌، کە لەماوەیەکی‌ کورتدا سەردانی‌ بەغدادیان کردوەو ئامادەییان نیشانداوە بۆ چارەسەری‌ پرسەکان بە پرسی‌ نەوتیشەوە.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئامانج له‌و سه‌ردانه‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عیراقه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كان و دانانی رێوشوێنی ورد و پێویست بۆ چاره‌سه‌ریان.

گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا هه‌ن بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌.

1. پرسی هه‌نارده‌ و به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی نه‌وت و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان و ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز.

2. پرسی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

3. كێشه‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140.

4. بودجه‌ و چه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ سیسته‌می به‌رگری عێراق.

5. دروستكردنی ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵی.

6. پشكی كورد له‌ سوپا و دامه‌زراوه‌كانی عیراق، راگرتنی ته‌واوفق و ته‌وازن له‌ داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت.

هــ. ر


PM:07:36:16/07/2019






ئه‌م بابه‌ته 4804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو