هێزێكی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ دامه‌زراندنی خۆی راگه‌یاند و په‌یامێكی ڤیدیۆییان بڵاوكرده‌وه‌

‌کاتی خوێندنەوەی بەیاننامەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزەكانی پاراستنی جەوهەریی باشوری كوردستان كه‌ نزیكن (په‌كه‌كه‌)، پەیامێكی ڤیدۆییان بڵاوكردەوە و تیایدا بە فەرمی دامەزراندنی خۆیان راگەیاند و جەختیان لەوەكردەوە، بنكەكانی توركیا لەباشووری كوردستان دەبنە ئامانجی سەرەكییان.


بەیاننامەکە لەلایەن یەکێک لە فەرماندەکانی ئەو هێزە خوێندرایەوە و ئاماژە بەوە دەکات: "لە تەواوی  ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی تەعریب کردن و تاڵانکردن و کوشتن و رفاندنی هاوڵاتییانی مەدەنی دەستی پێکردووە، لە هەمان کاتدا دەوەڵەتی عوسمانی نوێ داگیرکارییەکی نوێ لەسەر گشتی کوردستان و بە تایبەتی هەرێمەکانی برادۆست و کەرکوک و بادینان بەڕێوە دەبات، بەداخەوە چەند هێزیکی باشووری کوردستان بۆ ئەم داگیرکارییە نوێیە هاوکارن و بێ هەڵوێستن، بۆ تاڵانکردنی بەها و کلتور و فەرهەنگ و لەسەروی هەموویانەوە ئابوری و جوگرافیای باشووری کوردستان".

ئەو هێزە لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن دروستکردنی هێزەکەیان لەبەرامبەر ئەو بێدەنگییە کە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا لە خاکی باشووری کوردستان هەیانە.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، ‌هێزەکانی پاراستنی جەوهەری تەواوی پێگەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان دەکەنە ئامانجی خۆیان. هاوکات داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەن شان بە شانی هێزەکانیان، کوردستان لە داگیرکاران پاک بکەنەوە.  


دەقی پەیامەكە:

بۆ ڕای گشتی

وەك دیارە  لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و لە ناویدا بە تایبەت كوردستان ڕۆژانە بە چەندین گۆڕانكاریی نوێدا تێپەڕ دەبێت و تا دێت شەڕ و ململانێ سیاسییەكانی هێزە جیهانی و هەرێمییەكان بە هێزتر و قوڵتر دەبێتەوە.

لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا وەك هەموولایەك ئاگادارن، لە تەواوی  ناوچە دابڕێندراوەكانی هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی تەعریب كردن و تاڵانكردن و كوشتن و ڕفاندنی هاوڵاتییان مەدەنی دەستی پێكردووە. لە هەمان كاتدا دەوڵەتی عوسمانیی نوێ، داگیركارییەكی نوێ لەسەر گشت كوردستان و بە تایبەتی هەرێمەكانی برادۆست و كەركوك و بادینان بەڕێوە دەبات، بەداخەوە چەند هێزیكی باشووری كوردستان بۆ ئەم داگیركارییە نوێیە هاوكارن و بێ هەڵوێستن،  بۆ تاڵانكردنی بەها و كلتور و فەرهەنگ و لەسەرووی هەموویانەوە ئابووریی و جوگرافیای باشووری كوردستان .

لەم چورچێوەیەدا ئێمە وەك (هێزەكانی پاراستنی جەوهەریی باشوری كوردستان) لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسی و سەربازییەدا دروست بووین، كە لە هەرێمەكەدا هەیە و ئامانجمان پاراستنی بەها و كولتور و دەستكەوتەكانی باشوری كوردستان بە تەواوی پێكهاتە و ئایین و باوەڕە جیاوازەكانەوەیە.

گەلی ئێمە ئەم ڕاستییە باش دەزانێت، كە ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆ بە دەست هاتوون لە ئەنجامی شەهیدبوون و گیان بە ختكردنی هەزاران ڕۆڵەی ئەم خاكەیە، بۆیە پاراستنی ئەم دەسكەوتانە ئەركە لە سەر تاك بە تاكی گەنجان  و ژنان و تەواوی چین توێژە جیاوازەكانی كوردستان بەتەواوی پێكهاتەكانەوە.

بەو مەبەستەش داوا دەكەین لە حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كە لە بەرامبەر ئەم داگیركارییە نوێیەدا بێدەنگ نەمێنن و هەوڵبدەن پاراستنی سەرەوەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بدەن، پێوستە باش بزانن ئێمە لە بێ هەڵوێستی ئەوان دروست بووین.

لێرەشەوە داوا لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەین لەسەر ڕێبازی شەهید مامە ریشە، شەهید ئارام و لەیلا قاسم و تەواوی شەهیدانی گەلەكەمان بێن شان بە شانی یەكتر كوردستان لە دەستی داگیركەران بپارێزین، داواش لە دەسەڵاتدارانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین چیتر ڕێگە بۆ داگیركاریی خۆش نەكەن و دووبارە توانایان بخەنە خزمەتی گەل.

لە كۆتاییدا بە ناوی هەموو هێزەكانمان لە تەواوی باشوری كوردستان داوا لە گەنجان و ژنان سەرجەم چین توێژەكان دەكەین لە هەرێمە جیاوازەكان لە ئاستی خۆیان هەڵویستی ڕوون لە بەرامبەر داگیركەران نیشان بدەن. لە هەمان كاتدا بێن بە شداری هێزەكانی پاراستنی جەوهەریی باشوری كوردستان بكەن و وەك ئەو چالاكییەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن هێزەكانمان لە زاخۆ ئەنجامدرا، كە تیایدا توانرا بێ زەرەر و زیان هێزەكانمان گورزی كوشندە لە سوپای داگیر كەری توركیا بدەین، ئەم چالاكییە پێشكەش بە ڕۆحی شەهیدانی گەلەكەمان دەكەین و لەبەردەم  ڕۆحی پاكیان پەیمان و بەڵێنی بەردەوامی و درێژە پێدانی ئامانجەكانی ئەوان دووپات دەكەینەوە.

ڕایدەگەیەنین لە ئەمڕۆ بەدواوە درێژە  بەم شێوازە چالاكییانە دەدەین لە هەر جێگایەكی  باشووری كوردستان تەواو پێگەكانی سوپای داگیركەران دەبنە ئامانجی سەرەكی هێزەكانمان.

هێزەكانی پاراستنی جەوهەری

سڵاو ڕێزی شۆرشگێڕی

هــ. ر


PM:02:29:27/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 18832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو