له‌ باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا داوای زانیاری له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كرێت

‌عادل عەبدولمەهدی

وێستگه‌ نیوز ـ

هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، داوای پێدانی زانیاری له‌ باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و سه‌ردانه‌وه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردووه‌.


هۆشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌: "ئەمڕۆ شەممە 22ی حوزه‌یرانی 2019، لە چوارچێوەی کاری ئاسایی خۆمان لە پەرلەمان، کە چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بە پرسیارێکی پەرلەمانی داوامان لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کردوە کەسەبارەت بە سەردانەکەی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  زانیاریمان بداتێ".

ده‌شڵێت: "پرسیومانە ناوەرەرۆکی کۆبوونەوه‌کەتان و ئەو مەلەفانە چییبون کە باستانکرد، تا چەند هیواتان هەیە کە بگەن بە چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەناویاندا کێشەی نەوت، بەتایبەتی پێش ناردنی رەشنوسی یاسای موازەنەی 2020؟".

له‌ باره‌ی ئامانجی ئه‌و پرسیاره‌وه‌، هۆشیار عه‌بدوڵا نووسیویه‌تی‌: "ئامانجی ئەو پرسیارە جگە لە جێبەجێکرنی مەبدەئی چاودێری و شەفافیەت بۆ ئەوەیە کە پێش هاتنی رەشنوسی یاسای موازنەی 2020 کێشەی نەوت و ناردن و نەناردنیی چارەسەر بوبێت بۆ ئەوەی بە سانایی بتوانین مافەکانی هەرێمی کوردستان لە موازەنەی 2020 جێگیر بکەین، ئەوەش بەوە دەبێت هەرێم پابەندبێت بە یاسای موازنەی 2019".

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 20ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2019، نێچیرڤان بارزانی‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی‌ بۆ به‌غدای‌ پایته‌ختی‌ عیراق وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامدا.

له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری‌ عیراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی‌ سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق كۆبووه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی‌ له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك نووسی بووی: "ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌ركۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبوومه‌وه‌".

سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێت: "دووپاتم كرده‌وه‌ كه‌ ھه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ سه‌رجه‌م كێشه‌ ھه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵی عیراق به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات و له‌ هه‌موو بواره‌كاندا هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بكه‌ین".

هــ. ر


PM:02:19:22/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 4752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو