نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی لە کۆبوونەوەدان

‌عادل عەبدولمەهدی و نێچیرڤان بارزانی

وێستگه‌ نیوز ـ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک وەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عیراق کۆدەبێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی کرد و ئێستا هەردوولا لە کۆبوونەوەدان.

بەپێی زانیارییەکانی وێستگە نیوز، یەکەم کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی دەبێت. دواتریش لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق کۆببێتەوە.

وێستگه‌ نیوز زانیویه‌تی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ به‌غدا ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵدایه‌ له‌وانه‌ كه‌ریم سنجاری، وه‌زیری ناوخۆ و سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌.

ئەوە یەکەم سەردانی نێچیرڤان بارزانییە بۆ بەغدا وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 10ی ئەم مانگە  سوێندی یاسایی خوارد.

نێچیرڤان بارزانی لە یەکەم وتاری دوای سوێندخواردنیدا ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا دەربڕی.

دوای راگەیاندنی کابینەی نوێی عیراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، لە تشرینی یەکەمی رابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا باشتر بوون، بەڵام کۆمەڵێک کێشە بە چارەسەرنەکراوی لەنێوان هەردوولا ماونەتەوە، لەوانەش نەوت و بودجە و بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

لە دوای ساڵی 2003ەوە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بە قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیوون. ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە، چارەسەرکردنی کێشەکانە بەگوێرەی دەستوور و ئومێدەوارە بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی بەغدا ئامادەیی تەواویان هەبێت. 


PM:12:10:20/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 3048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو