عه‌لی باپیر: ئەگەر پاشگری‌ ئیسلامی‌ کۆسپە بۆ فراوانبوونی‌ حزبەکە دەبێت لایببەین

‌عەلی‌ باپیر

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمیری‌ کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ رایگەیاند، بەرەو کۆنگرەی‌ حزبەکەیان دەچن و پێویستیان بە گۆڕانکاریی هەیە، ئەگەر پاشگری‌ ئیسلامی‌ کۆسپە لەبەردەم فراوانبوونی‌ حزبەکەیاندا دەبێت لایببەن.


عەلی‌ باپیر، لە پەیامێکدا بەبۆنەی‌ ساڵیادی‌ دامەزراندنی‌ کۆمەڵەوە ئاماژەی‌ بەوەکردووە، "لە هەرێمی‌ کوردستان زۆربەی ناكۆكییەكان لەوەوە سەرهەڵدەدەن، كە لایەنێك یان چەند لایەنێك، بیانەوێ هەموو شتێك بۆخۆیان قۆرخ بكەن و، تەنیا حیسابی خۆیان و دەوروبەریان بكەن و، خەڵكی دیكە نادیدە بگرن".

روونیشیکردەوە، "دەبێت لەو قاوغو قەپێلكە تەسكانە بچنە دەرەوە و چاویان هەموو لایەك ببینێت".

هاوكات باسی‌ لەوەشکردووە، ئەوانەی‌ كە خەم لە كار و پڕۆژەی ئیسلامی دەخۆن، دەبێت ئەوە بزانن کە ئیسلام تەنیا لەواندا بەرجەستە نەبووە.

ئەوەشی‌ خستووەتەڕوو: "كۆمەڵی ئیسلامیی لە هەموو قۆناغەكاندا چ دەرفەتی بووبێت لە حكومەتدا بەشداربووبێت، كە چەند جارێك بەشدار بووە، چ دەرفەتی نەبووبێت و، ئۆپۆزسیۆن بووبێت، بە نەفەسی خۆی کاریکردووە".

ئەمیری‌ کۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ باسی لەوەشکردووە، "بەرەو کۆنگرە دەچین و پێویستییمان بە بەخۆدا چوونەوەی باش هەیە، دەبێت كام شێواز و ئامڕاز باشتر و كاریگەرترە و، باشتر ئامانج دەپێكێت، ئەوە پەیڕەو بکەین گۆڕانكاریی بکەین، ئەگەر پاشگری (ئیسلامیی) ئەو كۆسپەیە، دەبێت لایببەین".

كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان له‌ ساڵی 2001ه‌وه‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی عه‌لی باپیر و به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی باڵی نه‌هزه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی یه‌كبوونی ئیسلامی كوردستان، وه‌ك پارتێكی سەربەخۆی ئیسلامی خۆی راگه‌یاند و ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی حەوت کورسیەو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دوو کورسی هەیە.

هــ. ر


AM:09:43:31/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 3400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو