کۆلۆمبیا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بچڕاند
وێستگهنیوزـ
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، دوێنێ چوارشەممە 1ی ئایاری 2024 گوستاڤۆ پیترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا دەبچڕێنێت، ئیسرائیلیش ئەم بڕیارەی وەک "پێدانی پاداشتێک" بە بزوتنەوەی حەماس ناوبرد.
لە هەواڵێکی ئەمڕۆی ماڵپەڕی سکای نیوزدا هاتووە کە دوێنێ چوارشەممە، ئیسرائیل بڕیاری بچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی کۆلۆمبیا لەگەڵ وڵاتەکەیدا، لەسەر پاشخانی شەڕی غەززە، وەک "پاداشتێک" بۆ جوڵانەوەی حەماس ناوبردووە.
ئیسرایل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕی كۆمهڵایهتی ئێكس وتی، "سەرۆکی کۆلۆمبیا بەڵێنی پاداشتکردنی بکوژ و دەستدرێژکارەکانی حەماسی دابوو، ئەمڕۆش بەڵێنەکەی جێبەجێکرد".
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پێیوایە، کە مێژوو ئەوە لەبیرناکات کە گۆستاڤۆ پێترۆ بڕیاریدا لە ریزی دڕندەترین نەفرەتلێکراوەکان بووەستێ کە تائێستا مرۆڤایەتی ناسیویەتی"، و بە دوژمنی جوولەکە و کەسێکی پڕ لە رق تۆمەتباری کرد.
ئەم لێدواننەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، کە سەرۆکی کۆلۆمبیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەمڕۆ پێنجشەممەوە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا دەبچڕێنێت، ئەمەش بە دواین پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوولا دادەنرێت، کەهۆکارەکەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسە.
جێگای سەرنجە کە بۆلیڤیا لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاندووە، هاوکات چەند وڵاتێکی دیکەی ئەمەریکای لاتینیش لەوانە کۆلۆمبیا، چیلی و ھۆندووراس باڵیۆزەکانیان لە وڵاتی ئیسرائیلەوە بانگهێشتکردووەتەوە.
AM:11:49:02/05/2024
ئهم بابهته 480
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت