عه‌لی باپیر: كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شداری له‌ حكومه‌تدا ناكات

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە

وێستگه‌ نیوز ـ

عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یان و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ حزبه‌كه‌ی به‌شداری له‌ حكومه‌تی نوێی هه‌رێمدا ناكات.


عه‌لی‌ باپیر، ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان رایگه‌یاند، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌شداری له‌ حكومه‌تدا ناكات.

عه‌لی‌ باپیر، له‌میانه‌ی‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسیدا کە دوای سەردانی کردنی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی ئەو حزبە ئەنجامیدا رایگه‌یاند، "كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌شداری له‌ حكومه‌تدا ناكات".

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند، "ئەو كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێكدەهێنرێت ئێمەی كۆمەڵی ئیسلامی تیادا نابێت، بەڵام پێمان خۆشە ئەو حكومەتە بەراستی حكومەت بێت‌ و پێوەری مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا هاوڵاتی بوون و مرۆڤ بوون بێت نەك ئینتیمای حزبی و بنەماڵەیی".

عەلی باپیر وتیشی: "پێمان باشە پەرلەمانمان باشترین پەرلەمان بێت‌ و تەعبیر لە ئیرادەی خەڵكی بكات، هەروەها حكومەت دەبێت حكومەتی هەموو لایەك بێت، بۆ ئێمە گرینگە كە هەر پۆستێك لە هەرێمی كوردستان هەیە حەقی خۆی بدرێتێ، بەلامانەوە گرینگ نییە لای كێیە، گرینگ ئەوەیە خزمەتی خەڵكی پێبكرێت".

عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی راشیگەیاند: "پێشتر رامانگەیاند ئەو بارودۆخە وادێتە پێش چاو كە بۆمان نەگونجێت لەو حكومەتەدا بەشداربین، بەشدارینەكردنیشمان مانای وانییە سەنگەر لە حكومەت بگرین، بە پێچەوانەوە هاوكار دەبین و پێمان باشە باشترین حكومەتمان هەبێت، چونكە حكومەت هی هەموو خەڵكە".

ئه‌م وتانه‌ی عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ دوێنێ دووشه‌ممه‌ 17ی حوزه‌یرانی 2019، مه‌سرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی شاری سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و حزبی سۆسیالیستی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌كات، مه‌سرور بارزانی وتی: "پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ ته‌واو بووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ی پێشتر ئاماده‌ییان ده‌ربڕی بوو بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ پۆسته‌كانیان بۆ دیاریكراوه‌".

هــ. ر


PM:07:48:18/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 3236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو