باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە بەغدا دەستنیشانکرا

‌ماسیۆ تولەر

وێستگه‌ نیوز ـ
دوای چاوەڕوانییەکی چەند مانگە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رەزامەندیی نیشاندا لەسەر ماسیۆ تولەر، کاندیدی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عیراق.


تولەر لە ساڵی 2014 باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە یەمەن و، لە نێوان ساڵانی 2011 تا 2014 باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە کوەیت، بەر لەوەش لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە قاهیرە و بەغدا و کوەیت و ریاز کاریکردووە و، پۆستی جیاجیای وەرگرتووە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی پیران ماسیۆ تولەری لە پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا پەسەندکردووە.

رۆژنامەی ئەلعەربی جەدید لە زاری لێپرسراوێکی عیراقییەوە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو باڵیۆزی نوێی ئەمریکا بگاتە بەغدا و پێشبینییش دەکرێت لە دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا چاکتر بێت.

رۆژنامەکە ئاشکرایکرد، ئەو لێپرسراوە عیراقییانەی کە لە سەردەمی کابینەی حکومەتەکانی ئەیاد عەلاوی و ئیبراهیم جەعفەری کاریانکردووە، ئەو باڵیۆزە نوێیەی ئەمریکا دەناسن.

بەشێک لەو لێپرسراوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، تولەر کەسێکی رکابەر و بەربەرەکانێکارە و راپۆرتەکانی متمانەیەکی زۆریان هەیە بەلای ئیدارە جیاجیاکانی ئەمریکاوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی پێشتری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، تولەر لە وەزارەتی دەرەوە لە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی باکوری کەنداو و لێپرسراوی نوسینگەی میسر کاریکردووە، زمانی عەرەبی دەزانێت و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانکۆی "بریگام یانگ" و بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی هارڤارد بەدەستهیناوە، خاوەنی خەڵاتی (SIA) لە بواری هەواڵگری و دوو خەڵاتی فەخریی سەرۆکایەتیشی وەرگرتووە، پێشتر خەڵاتی بیگەر ویلکنزی لەلایەن وەزارەتی دەرەوە پێ بەخشراوە.

بەرلەوەی کاندید بکرێت بۆ پۆستی باڵیۆز ئەمریکا لە عیراق، وەک راوێژکاری سیاسی لە باڵیۆزخانەکە کاریکردووە، ماوەیەک جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتیی دیپلۆماتی ئەمریکا بووە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کوەیت.

جێگری سەرۆکی نوێنەرایەتی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بووە لە قاهیرە، لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز پۆستی راوێژکاری کاروباری سیاسی هەبووە، لە قەتەر بووە بە جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە دەوحە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عیراق، پێشوازیکرد لە دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەبەغدا بە بۆنەی کۆتایی کارەکەی لە عیراق.

دەستنیشانکردنی باڵیۆزی نوێی واشنتۆن لە بەغدا لە کاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران تەشەنەی کردووە، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە ژمارەیەک لە کارمەندەکانی ناردەوە بۆ وڵاتەکەی.

هــ. ر


PM:02:22:18/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 1580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو