ئەندامانی ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
سەرجەم ئەندامانی ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و ھۆکارەکەشیان بۆ لادانی سەرکردایەتی گۆڕان لەو بنەمایانەی لەسەری دامەزرابوو گەڕاندووەتەوە.


لە راگەیه‌ندراوێکدا ئەندامانی ژووری ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، "بارودۆخی کەرکوک گەیشتوه‌تە ئاستێکی مەترسیدار و ھەڕەشە لەسەر خاک و خەڵکەکەی دروستبووە، ئەوەش بەھۆی ھەڵەی پارتی و یەکێتی و بێ هەڵوێستی لایەنەکانی تر".

باس لەوەشکراوە، لەسەروبەندی رێکكەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان چەندین پێشنیازیان داوەتە جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی گۆڕان بۆ ئەوەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بەشێکبن لە ئەجێندای کابینەی نوێ، بەڵام گوێیان لێنەگیراوە.

ئەوەش خراوەتەروو، "پێمانوایە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستی سەرکردایەتی ئێستای لەسەر راستەڕێی خۆی لایداوە، کە لەپێناویدا دامەزرا کە بریتیبوو لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی گەندەڵی و پیادەکردنی سیاسەتێکی کوردستانی بەرانبەر کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان و ھێنانەکایەی سیستەمێکی پارلەمانی، لایەنی کەم ھاوشێوەی بەغدا و دوورکەوتنەوە لە سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵەیی، چاوەروان دەکەین بزووتنەوەکە بەرەو ھەڵدێری گەورەتر بەرن".

ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکانی گۆڕان ئاشکرایانکرد، "دوای بێ ھیوابونمان لە خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتیمانی بۆ راستکردنەوەی ئەو بارودۆخە، بڕیارمان دا دەست لە کاربکێشینەوە، لێرەوە بەڵێن دەدەین لە سەر ئەرک و کاری سیاسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ ھێنانە دی ئەو ئامانجانەی بڕوامان پێ بووە وئاماژەمان پێ کرد، بە تایبەتی سیاسەتێکی کوردی و کوردستانی بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دایڕێندراوەکان".

ئەندامە دەستلەکارکێشاوەکانی گۆڕان بریتین لە:
- مەلا فەرمان، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی
- ئەحمەد عەزیز ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و رێکخەری ژووری ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان.
- عبدالرحمن عبدوللە (ناسراو بە عەول) ئەندامی جڤاتی گشتی
- عبدوللە حەبیب - لەتیف فاتیح فەرەج ئەندامانی ژوری ناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان.

هــ. ر


PM:12:02:16/05/2019


ئه‌م بابه‌ته 2516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو