سه‌عدی پیره‌: بوونی جێگرێكی دیكه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێوان ئێمەو پارتی كۆتایی هاتووه‌

‌سەعدی پیرە

وێستگه‌ نیوز ـ

سه‌عدی پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند، بوونی جێگرێكی دیكه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ یه‌كێتی له‌ نێوان ئه‌وان و پارتی كۆتایی هاتووه‌، ده‌شڵێت: "لانیكه‌م ئه‌وه‌ی ئێمه‌ جێگری دووه‌م نییه‌".


سەعدی پیرە، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند: پێکهێنانی حکومەت لەسەر یەکێتی پەکی نه‌كه‌وتووه‌، یەکێتی و پارتی رێککەوتوون.

وتیشی: "هۆکاری دواکەوتنی واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلی شێوازی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، چونکە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان تەواویان نەکردووە دیارە نیگەرانیەک هەیە پێم وایە رۆژی سێشەممە 16ی نیسان ئەو بابەتە کۆتایی پێدێت".

سەعدی پیرە ئەوەشی رەتکردەوە کە جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێم بدرێت بە یەکێتی و وتی: "من لە راگەیاندنەکانەوە دەستەواژەی جێگری یەکەم و دووەمم بیستووە، چونکە لە یاساکەدا (پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم)دا هاتووە کە سەرۆکی هەرێم دوو جێگری دەبێت، جا لەماوەی پانزە رۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم کار و بەرپرسیارێتی جێگرەکان دیاری دەکرێت، واتە نەیەکەمی تیادایە نە دووەمی تیادایە واتە لانی کەم ئەوەی یەکێتی جێگری دووەم نیە ئەگەر تیایدا بێت، بەڵام لەجێگرەکان نەنوسراوە یەکەم و دووەم".

دەربارەی جێگرەکەی یەکێتی، پیرە وتی: "دیارە سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان و ئەمنیەکانی هەیە، مەنتق وادەڵێ کە جێگرەکەی یەکێتی بەرپرسی به‌شه‌ ئه‌منیه‌كه‌ دەبێت".

وتیشی: "بۆ ئێمە و پارتی بابەتی هەبوونی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم لە پشکی یەکێتی کۆتایی هاتووە، باشترە لەسەر نیگەرانیەکانی گۆڕان لەوبابەتە پرسیار لە خۆیان بکرێت چونکە ئەوە پەیوەندی نەما بە ئێمەوە لای ئێمە کۆتایی هاتووە".

پیرە بەدوری زانی رێککەوتنی نێوان گۆران و پارتی بەهۆی پێداگیری یەکێتیەوە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم هەڵوەشێتەوە و دەشڵێت: "ئەوە ئەگەرێکی زۆر لاوازە تا ئەگەر ئەو ئەگەرەش روویدا ئەوە کێشەی نێوان گۆڕان و پارتی خۆیانە دەبێت خۆیان لەگەڵ پارتی رێکبکەون".

سەبارەت بەوەی ئایا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بەم نزیکانە هیچ گفتوگۆیەکتان هەبووە؟ سەعدی پیرە وتی: "نەخێر هیچ کۆبونەوەیەکمان نەبووە و ئەوەندەی هۆکارەکەی من شارەزابم هۆکارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان خۆیانن".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا وەک یەکێتی داواتان لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە کە بەیەکەوە کۆببنەوە؟ سەعدی پیرە لەوەڵامدا وتی: "من وای بۆ دەچم داواکرابێت لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ کۆبونەوە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بەستەوە بە "وەهم-ێک" کە گوایە تەقە کراوە ئەوە سەد جار باسکرا کە ئەو رووداوە لەنێوان دوو بەرپرسی یەکێتی و گۆڕاندا بووە کە هەردوکیان لە کۆنەوە یەکتر دەناسن، هیچ پەیوەندی بە مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە نیە و هیچ سودێکیشی بۆ یەکێتی نیە".

وتیشی: "لانی کەم ئیدارەی سلێمانی لە ملی یەکێتیە چۆن هەوڵدەدات ئیدارەی سلێمانی تووشی کێشە بکات بەڕاستی ئەوە مەنتقی تێدانیە، بەهەرحاڵ ئەوان بەردەوامن لەسەر ئەوە بۆچی بەردەوامن سودی چی بوو؟ بۆ کێ بوو؟ لانی کەم ئەوە سودی باشکردنی پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی تێدا نەبوو".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی وت: "ئەوکات من وتەبێژ بووم باسی رووداوەکەم کرد و روونکردنەوەمدا، داوای لێبوردن-یشمان کرد، ئەو هەڤاڵەی ئێمە (شێخ جەعفەر) روونکردنەوەیدا لەتەلەفزیۆن کە ئەمە هیچ بڕیارێکی یەکێتی نەبووە، من تا ئێستاش تێنەگەیشتم هۆکەی چی بوو؟ چ پەیوەندی بە قەبری کاک نەوشیروان هەبوو؟ ئەمە چیرۆکێک بوو دروستکرا بۆ ئەم بیانووە، بەهەرحاڵ ئێستا ئەوە کێشەی ئێمە نیە، بە ئەندازەی پێویست داوای لێبوردن کراوە و روونکردنەوە دراوە، بەخۆڕایی گەورەکرا بۆ مەبەستی سیاسی گەورەکرا".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بزووتنەوەی گۆڕان بێ یەکێتی بەشداری حکومەت دەکات؟ یا یەکێتی بێ گۆڕان بەشداری حکومەت دەکات؟

سەعدی پیرە وتی: "ئەوە پرسیارێکی سەیرە یەکێتی حزبی دووەمە، بەداخەوە تا ئێستا نەتوانراوە حکومەتی هەرێم بەتەواوی یەکتر بگرێتەوە تا ئێستا باس لەسەر "زۆنی سەوز و زۆنی زەردە"، بۆیه‌من پێم وایە ئەگەر باسمان لەسەر هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو هەیە دەبێت یەکێتی و پارتی لە حکومەتدا بن بۆیە یەکێتی ناتوانێت لەو بەرپرسیارێتیە خۆی دووربخاتەوە بزوتنەوەی گۆڕانی تیادا بێت باشە، ئێمە پێمان خۆشە وەک یەکێتی کە بزووتنەوەی گۆڕان لەحکومەتدا بێت".

پێتان وانیە ئەمە ببێتە هۆی گرژی نێوان گۆڕان و یەکێتی و دۆخی سلێمانی بەرەو ئاڵۆزی ببات؟

سەعدی پیرە دەڵێت، "نەخێر ئێمە رێکكەوتنێکمان هەیە لەگەڵ گۆڕان، پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕانە، هی هەڵەبجە لەیەکێتی، ئەم دەستاو دەستکردنەوەی دەسەڵاتە شتێکی باشە، خۆ هەتا ئەگەر کێشە-شمان هەبێت دەبێت دابنیشین و کۆبینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خۆ کێشە لەخۆیەوە چارەسەر نابێت".

پیرە دەشڵێت" ئەوە عەرزی ئێمەیە بۆ برایەتی لەگەڵ گۆڕان حازرین، ئامۆزایەتیشمان قبوڵە ئەگەر ئەو هیچی قبوڵ نەبێت دەسەڵاتی ئێمە چیە؟".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئه‌وه‌ی ئێوە و گۆڕان دەتانوت بۆ مافی خەڵک و قوتی خەڵک بەشداری لەحکومەت دەکەین، ئەو پۆستە (جێگری سەرۆکی هەرێم) کوێی قوتی خەڵکە؟

پیرە دەڵێت: "ئێمە مەبەستمان زیندوو کردنەوەی (فیفتی بە فیفتی-پەنجا بە پەنجا) نیە بەڵام ئەگەر ئێمە بمانەوێت حکومڕانیەکی باش بکرێت یەکێتی تەماشاچی نەبێت یەکێتی شەریکە بڕیاردەر بێت دەبێت لەو جێگایانە رۆڵی هەبێت بۆیە باڵاترین دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی هەرێمە، لەسەرۆکایەتی هەرێم-یش جێگریش بۆ سەرۆکی هەرێم لەیەکێتی پێویستیە جا گۆڕان دەیەوێت یا نا ئەوە مەسەلەی ئێمە نیە پێمان خۆشە گۆڕان ئەوە تێبگات کەیەکێتی نیشتمانی پێویستی بەو جێگری سەرۆکی هەرێمە هەیە".


AM:09:24:15/04/2019


ئه‌م بابه‌ته 3724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو