بڵیسه‌ جه‌بار فه‌رمان: به‌بێ یه‌كڕیزی به‌غدا نابێته‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری له‌ مافه‌كانی کورد

‌بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان

وێستگه‌ نیوز ـ

په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق باسی یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر یه‌كڕیز نه‌بن ناتوانن به‌غدا بكه‌نه‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری و لەدوای چوار ساڵی تر بەبێ دەستکەوت هەر لایەک دەگەڕێتەوە.


بڵێسه‌ جه‌بار فه‌رمان، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبوك نووسیویه‌تی: "لەم ماوە کورتەی کاری پەرلەماندا لەبەغدا، ئەوەم بۆ روون بووەوە ئەگەر چوارچێوەیەکی هاوبەشی کاری کوردستانی دروست نەکەین، هەرێمی کوردستان زەرەرمەند دەبێت و بوونمان لەبەغدا بێ کاریگەر دەبێت".

ده‌شڵێت: "پێویستە ژوورێکی هاوبەشی کاری کوردستانی دروست بکرێت و ببێتە چەتری کۆکەرەوەی بەدیهێنانی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و وەرگرتنی مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان. ئەگەر یەک نەبین و ئاوا پەرت بین، لەدوای چوار ساڵی تر بەبێ دەستکەوت هەر لایەک دەگەڕێتەوە".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی نووسینه‌كه‌دا بڵێسه‌ ده‌ڵێت: "ئەزموونی رابردوو سەلماندی چەن زەرەرمان کرد لە بێ ئیتیفاقی، پێ دەچێ دەرس وەرنەگیرابێ وەک هەموو جارەکان و دابەشبوونمان بە زیانی چاوەڕوانیەکانی خەڵکی کوردستان بکەوێتەوە، بەڵام خانەقی گوتەنی (ئیسەش فرە دیر نییە)".

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی به‌رهه‌م ساڵح به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق و ده‌رنه‌چوونی كاندیدی پارتی بۆ ئه‌و پۆسته‌، په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ به‌غدا رووی له‌ گرژی كرد و ئێستاش پارتی ئاماده‌یه‌ هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق بكات.

هــ. ر


PM:12:51:22/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 3636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو