ژنه‌ سەركردەیەكی یەكێتی قسەیەكی جیاواز سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق دەكات

‌بڵێسە جەبار فەرمان

وێستگە نیوز ـ پشتیوان جەمال
ژنە سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەلایانەوە گرنگە پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لە خولی داهاتووش بۆ كورد بێت، ئیدی گرنگ نییە بۆ كێ دەبێت.


بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانەی ئامادەبوونی لە پانێڵێكی رێكخراوی مەشق سەبارەت بە تاوتوێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە لێدوانێكدا بۆ ژمارەیەك میدیا لە نێویاندا وێستگە نیوز رایگەیاند: "پێمان باشە كوردێك لە پۆستی سەرۆك كۆماردا بێت تا بیسەلمێنین عیراقێكی فیدراڵی فرە نەتەوەیە، بۆیە ئەوەندەی بەلامانەوە گرنگە پۆستەكە بۆ كورد بێت ئەوەندە گرنگ نییە بۆ كێ دەبێت".

لێدوانی ئەو سەركردەیەی یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لە كاتێكدایە ئێستا ئەو پۆستە لەپشكی یەكێتییە، ماوەیەكیشە پارتی داوای ئەو پۆستە دەكاتەوە و بەرپرسانی یەكێتیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەو پۆستە مافی یەكێتییە.

بەپێی دوا ئەنجامی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن یەكێتی 18 كورسی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عیراق بەدەستهێناوە، سەبارەت بەزیادبوونی ژمارەی كورسییەكانی حزبەكەی دوای ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، ناوبراو وتی، "چاوەڕێی ئەنجامەكان دەكەین، بەڵام بەو شێوەیەی ئێستا هەیە باوەڕ ناكەم زیاد و كەمكردنی دەنگەكان ببێتەهۆی زیاد یان كەمبوونی كورسییەكانمان".

ئەو سەركردەیەی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان پێیان باشبووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلول ئەنجام بدرێت بۆ كاتێكی دیكە دوابخرایە كە هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانیش پێكەوە بكرانایە، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 30ی ئەیلولیش ئەنجام بدرێت ئەوان ئامادەن.

بۆ بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەشیان، بڵێسە جەبار فەرمانی وتی: "دەبێت لیژنەی كۆنگرە رۆژی بەستنی كۆنگرە یەكلایی بكاتەوە و هەر كاتێك ئەو لیژنەیە كارەكانی تەواوبوون رۆژێك دیاری بكەن و ئەو رۆژە دێتە سەركردایەتی و پەسەند دەكرێت".

هــ. ر


PM:08:57:14/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 9136 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو