مەسرور بارزانی و باڵیۆزی به‌ریتانیا پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمیان تاووتوێ كرد

‌مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا

وێستگه‌ نیوز ـ

مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عیراق كۆبوه‌وه‌ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمیان تاووتوێ كرد.


ئەمڕۆ یەكشەممه‌ 9ی كانوونی یه‌كه‌می 2018، مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن وێڵكس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە مارتن وار، كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و هەوڵ و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاتنە ئارای قۆناغی نوێی پێوەندی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا مەسرور بارزانی، قۆناغی نوێی په‌یوەندی نێوان هەولێر و بەغدای بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی تازە لە قەڵەم دا و هیوای خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا بە گرتنەبەری دیالۆگ و گفتوگۆی بنیاتنەر پرسە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكرێن و زەمینە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێشخستنی وڵات و دابینكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان بڕەخسێنێت.

باڵیۆزی بەریتانیا وێڕای پیرۆزبایی لە مەسروور بارزانی بەبۆنەی كاندیدكردنی بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و دووپاتی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەیان هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

هــ. ر


PM:01:45:09/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 3240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو