مەسرور بارزانی: پێویستە ھەرچی زووترە دۆخی كەركووك و خورماتوو ئاسایی بكرێتەوە

‌دیمه‌نێك له‌ دانیشتنه‌كه‌

وێستگه‌ نیوز ـ
مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێویستە ھەرچی زووترە دۆخی كەركووك و خورماتوو ئاسایی بكرێتەوە، ئەم رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی تەعریب لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت.


ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ی كانوونی دووه‌می 2018، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن ویلکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانی لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا، دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە خرانە بەر باس و گفتوگۆ و هەردوو لا جەختیان لە سەر پتەوترکردنی پەیوەندیە هەمەچەشنەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا کردەوە.

باڵیۆزی بەریتانی پشتگیریی خۆی بۆ دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دووپات کردەوە و جەختی لە سەر پێویستیی هەرچی زووتر بە ئەنجام گەیشتنی ئەو گفتوگۆیانە کردەوە. هەروەها ئاواتی خواست هەڵبژاردنەکانی هەرێم و عیراق لە میانەی ئەمساڵەدا بە سەرکەوتوویی بەڕێوە بچن.

هه‌ر لە میانەی دیدارەكه‌دا راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئاماژەیەکدا بۆ دۆخی ئێستای کەرکوك و خورماتوو رایگەیاند، کە ئەم رەوشە سەپێندراوەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی تەعریب لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و پێویستە بە هاوکاری هەموو لایەك هەرچی زووترە ئەو کردارانە رابگیرێت و دۆخی ئەم ناوچانە بە رەچاوکردنی دەستوور ئاسایی بکرێتەوە.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتیکردەوە کە هەڵەکانی بەغدا هۆکاری دروستبوونی بێ متمانەیی نێوان پێکهاتەکانی عیراقە و تا ئەو عەقڵیەتەی حوکمڕانیی بەغدا بەم شێوەیە بمێنێت زەمینەی سەرهەڵدانی کێشە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت و بۆشاییەکی لەبار بۆ گەشەکردنی بیری توندڕۆیی دەرەخسێتەوە، بۆیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی کێشەکان پێویستە متمانە و دڵنیایی بۆ گشت پێکهاتەکان بگەڕێندرێتەوە.

هــ. ر


PM:01:42:15/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 2656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو