مه‌سرور بارزانی: هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستوریەکانی قبوڵ ناکات

‌مەسرور بارزانی و باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا

وێستگه‌ نیوزـ

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستوریەکانی قبوڵ ناکات و هیوای خواست له‌مپه‌ڕه‌كانی لەمپەرەکانی بەردەم گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لابدرێن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13ی تشرینی دووه‌می 2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە رامۆن کاساس، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە بەغدا کرد و دواڕەوشی ناوچەکە و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لە سەر کرا .

به‌پێی لاپه‌ڕه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا پشتیوانیی یەکێتی ئەوروپای بۆ هەرچی زووتر دەست پێکردنی دیالۆگێکی راستەوخۆ هەولێر و بەغدا لە سەر بنەمای دەستور دەربڕی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر گرژیەکانی نێوان هەردوولا کۆتاییان پێ بهێنرێت.

لەدیداره‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پەیوەندی بە پەرەسەندنە سەربازی و سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە پێویستە کێشەکان بە شێوەیەکی ریشەیی و لە بنەڕەتدا چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی هەمیشە لە بازنەی ئەو نادادپەروەریە مێژووییانەی کە لە بەرامبەر گەلەکەماندا دەکرێت نەسوڕێینەوە.

مه‌سرور بارزانی ئامادەیی هەرێمی بۆ چارەسەریی کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دووپات کردەوە و لە هەمانکاتیشدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی قبوڵ ناکات.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش هیواشی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر بێنە سەر هێل بۆ ئەوەی لەمپەرەکانی بەردەم گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لابدرێن و بەر لە گرژییی زیاتر لە دەڤەرەکەدا بگیرێت.

ر.ع


PM:04:41:13/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 3572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو