ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: کابینەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی سەرکەتووتر دەبێت لەوانی تر

‌سابیر ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان

وێستگه‌ نیوز ـ
سابیر ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان رایگەیاند، ئەو حکومەتەی کە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکدەهێنرێت سەرکەوتووتر دەبێت لەچاو کابینەکانی پێشووتر.


لەمیانی بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی دا ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کابینەیه‌ی کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، چاوەڕواندەکرێت سەرکەوتووتر بێت و باشتر بێت لەچاو کابینەکانی پێشووتر.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و نەمانی داعش هەستی بە مەترسییەک کردووە لەسەر کوردستان، کە جگە لە مەترسی هەرێمی، مەترسیی عیراقیش هەیە، بۆیە نەک تەنها لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، بەڵکو لەبەر پێویستییەکانی خۆشی وا دەخوازێت ئەم کابینە نوێیەی حکومەت زیاتر سەرکەوتووتر بکات، بۆئەوەی خەڵکی زیاتر لە حکومەت توڕە نەبێت.

ئەو وتانەی ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان لەکاتێکدایە، سبەینێ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە و ئەندامێکی جڤاتی بزوتنەوەکەش دەڵێت، "کۆبوونەوەکە بۆ بابەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و شکاندنی بەستەڵەکی نێوانیانە".

چالاکی موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووه‌، سبەینێ 12ی کانوونی یەکەمی 2018 لەگەڵ شاندی پارتیدا کۆدەبنەوە و بابەتی سەرەکیی دانیشتنەکەشیان بۆ گفتوگۆکردنە دەربارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و رایانگەیاند کە لیژنەیەک بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانیان پێکدەهێنن و گفتوگۆشیان بۆ پشتگیرییکردن لە لیژنەی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردووە.

هــ. ر


AM:12:00:12/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو