سەعدی پیرە واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌ سلێمانی ئاشكرا كرد

‌دیمەنێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە

وێستگه‌ نیوز ـ

وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یه‌ند، له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا له‌ شاری سلێمانی، كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بنه‌وه‌.


ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 8ی كانوونی یه‌كه‌می 2018، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌ سلێمانی كۆبوه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكی تاووتوێ كرد.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لە دوو رۆژی داھاتوودا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە".

وتیشی: "ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پەنجا بە پەنجا، بەڵام دەبێ یەكێتی شەریكی راستەقینە بێت لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان".

سه‌عدی پیره‌ ئاشكراشیكرد: "بابەتی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت لە ھیچ كۆبوونەوەیەكی ئێمە و پارتی باس نەكراوە، ھەندێك كەناڵی راگەیاندن ئەو بابەتە گەورە دەكەن".

پیرە، ئەوەی خستەڕوو: "بەوپێیەی فراکسیۆنی پارتی گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانە، بۆیە ئەوان کاندید بۆ پۆستە باڵاکان رادەسپێرن، ھەروەھا بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتی هاوپەیمانێتی پێکدەهێنن و رێز لە بڕیارەکان دەگرین".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه‌ی كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، نێچیرڤان بارزانی، بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی، بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كاندید كرد.

هه‌روه‌ك تا ئێستا پارتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌نجامداوه‌ و پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت تاووتوێ كراوه‌.

هــ. ر


PM:01:38:08/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو