یه‌كێتی و پارتی پڕۆژه‌یه‌ك ئاماده‌ ده‌كه‌ن


وێستگه‌ نیوز ـ
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایدەكات، لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان پڕۆژەیەكیان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیان بیبەنە بەغدا و لەگەڵ لایەنەكانی دیكە گفتوگۆی لەسەر بكەن.


بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكھێنانی حكومەتی داھاتووی عیراق، بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندەدا پارتی و یەكێتی، بە شاندێكی ھاوبەش بچنە بەغدا، بڕیاریشە پێش چوونی شاندەكە ھەردوولا  كۆببنەوە و تاوتوێی ئەو دۆسیانه‌  بكەن كە لە بەغدا لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان گفتوگۆی لەسەر دەكەن.

كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیاكانی پارتی راگەیاند: "داوامان لە حزبەكانی دیكەی كوردستانیش كردووە، كە پێكەوە بچینە بەغدا، پڕۆژەیەكیشمان ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بكەین و لەوە تێبگەین لەسەر چ بنەمایەك بچینە ناو حكومەتی داھاتووی عیراق".

به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی وتیشی: "بودجەی ھەرێمی كوردستان و بابەتی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچە بۆ ھێزی پێشمەرگە لە ئەولەویەتی ئێمەیە، ئەگەر لەسەر ئەوانە رێككەوتین دواتر باسی پۆستەكان دەكەین".

لەبارەی وادەی چوونی شاندەكە بۆ بەغدا خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتی: "ھێشتا كاتی چوونی شاندەكە بۆ بەغدا دیاری نەكراوە، پێویستە ھەموو لایەنە كوردییەكان پێكەوە بڕۆنە بەغدا و لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان یەك ھەڵوێست بن. لانیكەم پارتی و یەكێتی ھێزەكانی دیكە دیدێكی ھابەشیان ھەبێت، بۆ داھاتووی عیراق".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هێشتا پرسی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ستی كۆتایی نه‌هاتووه‌و ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق كاره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵپه‌ساردووه‌ و له‌ رێگه‌ی چه‌ند دادوه‌رێكه‌وه‌ كاره‌كان رایی ده‌كرێن، به‌ڵام هێشتا نازانرێت دۆسییه‌كه‌ به‌ كوێ ده‌كات.

هــ. ر


AM:10:31:18/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 2212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو