خه‌سره‌و گۆران: یه‌كێتی له‌ به‌رهه‌م ساڵح باشتری هه‌بوو ده‌یتوانی كاندیدی بكات

‌خەسرەو گۆران

وێستگه‌ نیوز ـ
خەسرەو گۆران ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، چیدی حزبەکەی نازی هیچ لایەنێک ناکێشێت و کاندیدەکەشی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ناکشێنێتەوە، وتیشی تێبینییان لەسەر کاندیدە فەرمیەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە و کاندیدی باشتر هەبووە کە یەکێتی دەیتوانی بۆ ئەو پۆستە دیاری بکات.


لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا خەسرەو گۆران رایگەیاندووە: "پشکی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە نەک هی لایەنێکی دیاریکراو، پاش ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تاک لایەنە دوور لەڕاوێژی ئێمە هەستا بەدیاری کردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ئێمەش وەک گەورەترین لایەن لەناو پەرلەمانی عیراق دوێنێ یەکشەممە هەستاین به‌ تۆمارکردنی ناوی کاندیدی فەرمی خۆمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق کە فوئاد حسێنە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەرچی پارتی بەردەوام هەوڵی پاراستنی ناوماڵی کوردی داوە بەڵام لایەنەکانی تر رەچاوی ئەوە ناکەن، بۆیە چیدی پارتی نازی هیچ لایەنێکی تر ناکێشێت و لەمافەکانی خۆی خۆش نابێت و کاندیدەکەشی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق ناکشێنێتەوە.

خەسرەو گۆران، رەتیکردووەتەوە ئێران یاخود ئەمریکا لە رێگەی برێت مەکگۆرگەوە پشتیوانی لەکاندیدەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بکەن و رایگەیاندووە، "ئەم قسەیە راست نیە و ئەمە بانگەشەیە بۆ خۆیانی دەکەن، بەرهەم لە د. فوئاد باشتر و رێکتر نیە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی راشیگەیاندووە، جگە لە شێوازی دیاریکردنی کاندیدەکەی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، تێبینییان لەسەر کاندیدە فەرمیەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەیە و کاندیدی باشتر هەبووە کە یەکێتی دەیتوانی بۆ ئەو پۆستە دیاری بکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەرچی سازش لەسەر مافی خۆیان ناکەن بەڵام دەکرێت لەگەڵ یەکێتی لەسەر کاندیدێکی بێلایەن رێککبکەون.

ئەوەش لە کاتێکدایە چەند رۆژ پێش ئێستا یەکێتی بە فەرمی بەرهەم ساڵحی وەک کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق دیاری کرد و دوێنێش پارتی فوئاد حسێنی بۆ ئەو پۆستە دیاری کرد.

هــ. ر


AM:10:23:24/09/2018


ئه‌م بابه‌ته 14493 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو