خەسرەو گۆران: هاوپەیمانی‌ بەستن لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان بە جیا، کورد بچوک دەکاتەوە

‌ خەسره‌و گۆران، بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی

وێستگه‌ نیوز ـ
بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی‌ عیراق واباشترە بەیەک هاوپەیمانیەوە بچینە بەغدا، ئەگەر بەجیا هاوپەیمانی‌ بکەن لەگەڵ لایەنە عیراقیەکاندا کورد بچوک دەبێتەوە.


خەسره‌و گۆران، بەرپرسی دەزگای گشتیی هەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی‌ راگەیاند: "لە كۆبووەنەوەمان لەگەڵ یەكێتیدا، بە هیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە بۆ هەڵبژاردنی ناوخۆ بە یەك لیست بەشدار بین، بەڵكو بۆ هەڵبژاردنی عیراق ئەو باسە كراوە".

هەروەها ئاماژەی‌ بۆ ئەوەکرد، کە باوەڕی وایە هەڵبژاردنی عیراق لە وادەی خۆیدا دەكرێت.  دەشڵێ، "لە دوای رووخانی رژێمەوە، هەمیشە هەڵبژاردنەكانی عیراق پێچەوانەی هەرێمی كوردستان لە وادەی خۆیدا كراون، جیا لە كەركوك، كە حاڵەتێكی تایبەتی هەیە".

گۆران، باس لەو هەوڵانەش دەكات بۆ دواخستنی هەڵبژارنەكان لە لایەن سوننەكانەوە و دەدرێن و دەڵێ، "ئەوان بیانوویان ئەوەیە، كەوا خەڵكێكی زۆری سوننە بە هۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەی شوێنەكانی دیكە بوون، بەڵام ئاوارەبوونیان رێگر نییە لە بەشداریكردنیان لە دەنگدان، دەكرێ خەڵكی ئەنبار بێت و لە سۆران دەنگەكەی بدا، پێم وایە ئەو داواخوازییەی سوننە وەلا دەنرێت".

هەروەها بەستنی هاوپەیمانیی كوردستانی بۆ بەغدا بە باشترین دەستكەوت بۆ كورد ناو دەبات، کە لە پەرلەمانیشدا یەك كوتلە و یەك دەستەی سەرۆكایەتی هەبێت.

هەروەها وتیشی‌: "بەو شێوە دەتوانرێت خزمەتی دۆزی گەلەكەمان بكەین، نەك بە شێوەی پەرتوبڵاوی، یان پارتی لەگەڵ تەیارێكی تر هاوپەیمانی ببەستێ، یا هەر لایەنێكی تری كوردی لەگەڵ تەیارێكی عەرەبی هاوپەیمانی ببەستێت، ئەوە ئێمە بچووك دەكاتەوە، ئەمەش ئاواتی لایەنەكانی ترە كە كورد بە پەرتوبڵاوی ببینن، تا وەك هاوڵاتی مامەڵەمان لەگەڵ بكەن، نەك وەك دۆزێكی گرینگ".

لەبارەی‌ هەڵبژاردنی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، بەرپرسی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ وتی‌، هەفتەی دابێ كۆمسیۆن و پەرلەمان بۆ دانانی وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبنەوە.

هەروەها وتیشی‌: "پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لە وادەی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت و، ئامادەیشین بۆ هەڵبژاردن".

هــ. ر


AM:10:11:10/01/2018


ئه‌م بابه‌ته 1529 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو