خه‌سره‌و گۆران: یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد نییه‌

‌خەسرەو گۆران

وێستگگه‌ نیوز ـ
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی رایگەیاند، پەسەندکردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەتایبەت لە کەرکوک لە بەرژەوەندیی کورد نییە، چونکە "ئەنجومەنی پارێزگا كارا نییە و كورد ھیچ دەسەڵاتێكی نییە."


خەسرەو گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، زۆرێك لە بڕگە و ماددەكانی نێو یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق زیانی بۆ كورد ھەیە و پارتی لەگەڵ ئەو شێوازەدا نەبووە، بەتایبەت بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەكان، لەبەرئەوەی "نەمانیان دەبێتە هۆی دروستبوونی حوكمێكی مەركەزی".

باسی لەوەش کردووە، شێوازی دیاریكردنی كورسی دوای بەڕێوەچوونی دەنگدان لە بەرژەوەندیی كورددا نییە، چونكە لە دیالە و بەغدا و سەڵاحەددین و كەركوك و چەندین پارێزگای دیكەی عیراق دەنگی کورد دەفەوتێت و بەگوێرەی بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردنیش ئەو پارێزگایانەی رێژەی بایۆمەترییان ناگاتە 75%، ئەوە دەنگدەران بۆیان ھەیە جگە لە کاتی نایۆمەتری بە كارتی دیكەش دەنگ بدەن، "ئەوەش دەرفەتی ساختەكاری بۆ ھەندێ لایەنی عیراقی دەڕەخسێنێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە كەركوك رەوش ئاڵۆزە و لە بەرژەوەندیی كورددا نییە ھەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەنجومەنی پارێزگا كارا نییە و كورد ھیچ دەسەڵاتێكی نییە و ئەگەر رەوشی كەركوك ئاسایی نەكرێتەوە، "ھەڵبژاردن لەو پارێزگایە تەنیا لە بەرژەوەندیی ھەندێ لایەنی توركمان و عەرەب و حەشدی شەعبیدایە".

لەبارەی یەک لیستیی لایەنە کوردییەکانیش بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی باسی لەوە کردووە، تا ئێستا ھیچ بڕیارێك نییە چۆن بەشداری دەكەن، رەنگە بە یەك لیست بەشداربن و لەوانەشە بە لیستی جیا و ئەگەری تریش ھەیە.

رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عیراق پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقی پەسەندکرد و بە گوێرەی یاساکەش سەرەتای مانگی نیسانی 2020 هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکان (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت.

هــ. ر


PM:05:26:24/07/2019


ئه‌م بابه‌ته 1848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو