ئاسایشی گه‌رمیان ده‌ستگیركردنی باندێكی دزی و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ماڵانی راگەیاند


وێستگه‌ نیوز ـ
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان رایگەیاندووە، باندێکی دزیکردن و ھەڵکوتانە سەر ماڵانیان دەستگیرکردووە کە چەند تاوانێکیان ئەنجامداوە.

ئاسایشی گەرمیان  راشیگەیاندووە، "پاش ئەوەی سەر لە بەیانی 20ی ئابی 2018، چوار کەسی نەناسراو کە دەموو چاویان داپۆشیبوو و بەناوی ئاسایشەوە چوونەتە سەر ماڵی ھاوڵاتییەکی عەرەب بەناوی مھند حسون عه‌لی لە گوندی وەلی ئاغای ناحیەی قۆرەتوو و بڕی حه‌وت هه‌زار و 400 دۆلاری ئەمریکی و چوار ملیۆن دیناری عیراقی و 40 مسقاڵ ئاڵتون و شه‌ش مۆبایل و ئای پاد و ناسنامەی سەرجەم خێزانەکە یان بردووە و ھەڵھاتوون".

ئاسایشی گەرمیان ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "پاش بە دەستھێنانی بەڵگەی تەواو و دەست کەوتنی سەرە داو و ناسینی تۆمەتباران توانرا لە لایەن ھیزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی کەلار سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێر و لە سەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەوە ئەو باندە ئاشکرا و دەستگیر بکەن".

ئەوەش روونکراوەتەوە: "باندێکی حەوت کەسییە و  شەش تۆمەتباریان بەناوەکانی ئەیام ره‌حمان سلمان و ئەیاد ئەحمه‌د حه‌مید و سەرکەوت مه‌جید محه‌مه‌د و بەرزان عه‌باس عه‌بدولره‌حمان و محه‌مه‌د ئازاد حه‌سه‌ن و کۆسار رۆستم محه‌مه‌د دەستگیر کراون و ھەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری حەوتەم بەردەوامە".

ئاسایش راشیگەیاندووە، "تۆمەتبارانی ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە بەردەم بەرێز دادوەری لێکۆلینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوەو بە پێی ماددەی 440 ی سزادانی عیڕاقی راگیراون و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".


PM:01:46:28/08/2018


ئه‌م بابه‌ته 7457 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو