راگه‌یه‌ندراوێك له‌ وتەبێژی نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه‌

‌ سەعد حەدیسی

وێستگه‌ نیوز ـ
وتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، حکومەت پابەندبووە بە دەستوەرنەدان لە کاروباری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەڵام دیاریکردنی کۆمسیۆن لەسەر بنەمای حزبی بووە هۆی ئەوەی ساختەکاری بکرێت.


لە راگەیه‌ندراوێکدا لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عیراق لەبارەی دروستی هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانەوە، سەعد حەدیسی رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی بێلایەنی و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، حکومەتی عیراق پاپەندبووە بە دەستوەرنەدان لە کاروباری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان.

سەعد حەدیسی راشیگەیاند، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا، هەوڵی چڕی داوە بۆ پاراستنی رێکارەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.

داواشیکردووە پشکنین بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمپانیا جیهانییەکان بکرێت، تا رێگری لە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکرێت.

وته‌بێژه‌كه‌ی عه‌بادی روونیکردەوە "ئەو پێشێلکارییانەی کە کران لە ئەنجامی ئەو سیستەمە بەش بەشێنە حزبیەیە کە فراکسیۆنەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران پەیڕەویانکردووە. دواتر سەلمێنرا کە ئەنجومەنەکە دژ بە بەرژەوەندی گشتی وڵات بووە".

وته‌بێژی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وتیشی: "خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاری و پێشێلکاری و دەستێوەردانی بێشەرمانە لە کاری کۆمسیۆنەکە بووە، کە لەلایەن لایەنە سیاسییەکان کراوە و بەرپرسیارێتی دزینی دەنگی هاوڵاتییانیش لە ئەستۆیانە، کە نەیاتوانی راسپاردەی بەرژەوەندییەکانی عیراق بگرنەئەستۆ".

حەدیسی دەڵێت، سەرۆک وەزیرانی عیراق مەبەستی بوو هێزە چەکدارەکان لە هەر جۆرە دەستێوەردانێک لە هەڵبژاردنەکان دووربخاتەوە. دەشڵێت، پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراتی بریتییە لە پابەندبوون بە یاسا و رێکارەکان و دوورخستنەوەیان لە هەر جۆرە کاریگەرییەکی پێکهاتەی دیکە.

دوای ناڕەزایی چەندین لیستی بەشدار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، پەرلەمان بە ئامادەبوونی 173 پەرلەمانتار بڕیاریدا دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بە دەست جیابکرێنەوە، چونکە ژمارەیەک لایەنی سیاسی گومانیان لە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەنگدان هەیە.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 21ی حوزه‌یرانی 2018، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەی یاسا نوێیەکەی پەرلەمان دا و رایگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ ژماردنی دەنگەکان بە دەست یاساییە بەڵام بڕیاری تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان نایاساییە، بۆیە دادگای باڵای فیدراڵی رەتیکردەوە.

دوای لابردنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنیش لەلایەن پەرلەمانەوە، ئێستا نۆ دادوەر لە بەغدا کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەبەن و لە هەر پارێزگایەکیش دادوەرێک بۆ سەرپەرشتی کارەکانی کۆمسیۆن دیاریکراوە.

لە هەرێمی کوردستان هەر چوار لایەنی گۆڕان، یەکگرتوو، هاوپەیمانی، کۆمەڵ ناڕازین لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەڵێن، ساختەکاری کراوە و دەنگەکانیان بۆ لایەنی دیکە ئەژمارکراون.

هــ. ر


PM:10:07:22/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 6184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو