عەبادی‌ فەرمانی بەدەستبەسەرکردنی‌ چەند پاسەوانێکی‌ فەرماندەی‌ پۆلیسی‌ دیالەی دەرکرد

‌حەیدەر عەبادی.. سەرۆک وەزیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
حەیدەر عەبادی‌، سەرۆک وەزیرانی‌ عیراق فەرمانیکرد بەدەستبەسەرکردنی‌  چەند پاسەوانێکی‌ فەرماندەی‌ پۆلیسی‌ دیالە بەتۆمەتی‌ سوتاندنی‌ ئاڵای‌ کوردستان له‌ خانه‌قین.

ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عیراق فەرمانیکرد بەدەستبەسەرکردنی‌  چەند پاسەوانێکی‌ فەرماندەی‌ پۆلیسی‌ دیالە بەتۆمەتی‌ سوتاندنی‌ ئاڵای‌ کوردستان له‌ خانه‌قین.

داواشی لە حکومەتی هەرێم کرد کە دان بە دەسەڵاتی دەستووردا بنێن و لەسەر بنەمای دەستوور دانوستان لەگەڵ حکومەتی عیراقدا بکات.

باسی لەوەشکرد: "فەرمانم بەو هێزانە کردووە کەهانی شەڕ و پێکدادان نەدەن، بەڵكو ئەوان ئەرکی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیان پێسپێردراوە، بەڵام ئەگەر تەقەیان لێکرا مافی بەرگریکردن لە خۆیانیان هەیە".

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ بەشێک لە چەکدارەکانی‌ حەشەدی‌ شەعبی‌ کشاونەتەوە، بەپێی رێککەوتنی هێزە کوردییەکان و حەشدی شەعبی، دەبێت حەشی شەعبی لەماوەی 24 کاتژمێردا لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی هەرێمدا پاشەکشە بکات.

ماوەکە لەدوێنیوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش حەشدی شەعبی لە چەند شوێنێکی کەرکوک و قەرەتەپە و جەبارە کشاوەتەوە، چاوەڕێش دەکرێت تا ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەرجەم شوێنەکان بکشێتەوە.

له‌ باره‌ی دۆخی كه‌ركوكیشه‌وه‌ ئاراس شێخ جه‌نگی، كادری پێشكه‌وتووی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كه‌ ئێستا له‌ كه‌ركوكه‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند:"رەوشی کەرکوک زۆر ئارامە و خەڵک خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیەتی، ئەوەی کە باسدەکرێت دوورە لە راستییەوە و پەتی درۆ زۆر کورتە."

ئاماژەی بەوەش کرد، حەشدی شەعبی و سوپای عیراق لەناو شاردا کشاونەتەوە و ئەوەش پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە، تەنیا پۆلیسی فیدراڵی و هێزە ئەمنییەکانی لێ ماوە و لیژنەیەکی ئەمنی دروستکراوە و بۆ پاراستی سەروماڵی خەڵکی.

وتەکانی ئاراس شێخ جەنگی لەکاتێکدایە میدیاکانی پارتی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێرش بۆ سەر کەرکوک دەستپێکردووە و چەند گەڕەکێکی کۆنترۆڵکردووەتەوە. 

ئاراس شێخ جه‌نگی وتیشی: "هیچ كه‌سێك ئاواره‌ نه‌بووه‌، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خه‌ڵكی به‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان سه‌ردانی سلێمانی و هه‌ولێریان كردووه‌و ژماره‌یه‌كی كه‌میش ماون بگه‌ڕێنه‌وه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆش په‌یوه‌ندیم به‌ بازگه‌كانه‌وه‌ كردووه‌و ده‌ڵێن خه‌ڵك به‌رده‌وامه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌".

ئاراس شێخ جه‌نگی له‌ لێدوانه‌كه‌یدا بۆ وێستگه‌  نیوز ئه‌وه‌شی وت: "دۆخه‌كه‌ تا دێت ئارام ده‌بێته‌وه‌ و رۆژانی داهاتوو هه‌واڵی خۆشتریش به‌ڕێوه‌ن".

لە دوێنێوە حەشدی شەعبی دەستیکردووە بە پاشەکشەکردن لە چەند شوێنێکی کەرکوک و جەبارە و قەرەتەپە.

هــ. ر



PM:12:57:19/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 43803 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو