عەبادی: سوپا لە دژی هاونیشتمانیانی کورد بەکارناهێنین

‌عەبادی

وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند: "سوپاکەمان لە دژی گەلەکەمان بەکارناهێنین و شەڕ لە دژی هاونیشتمانیانی کورد ناکەین، ئەرکی سەر شانمانە پارێزگاری لە یەکپارچەیی وڵات بکەین و دەستوور بچەسپێنین و هاونیشتمانیان و سامانی نیشتمانی بپارێزین".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی یه‌كه‌می2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد لەبارەی چەسپاندنی سەقامگیریی زیاتر لە پارێزگای ئەنبار، لە بەشێکی کۆبوونەوەکەشدا باسی گشتپرسیی و کاردانەوەکانی دوای گشتپرسی کرد. 

حەیدەر عەبادی رایگەیاند: "سوپاکەمان لە دژی گەلەکەمان بەکارناهێنین هەروەها شەڕ لەگەڵ هاونیشتمانیانی کورد ناکەین، ئەرکی سەر شانمانە پارێزگاری لە یەکپارچەیی وڵات بکەین و دەستوور بچەسپێنین و، هاونیشتمانیان و سامانی نیشتمانی بپارێزین".

عەبادی جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بەجیدی کار بۆ خێراکردنی پرۆسەی چەسپاندنی سەقامگیری دەکەین. پێویستە کەمپەکانی ئاوارەکان دابخرێن و بەزووترین کات هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، هەروەها پارێزگاری لەو سەرکەوتنە بکرێت، کە لە ئەنبار بەدەستهاتووە".

شەوی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پەیامی مەترسیدارمان لە هێزە عیراقییەکانەوە پێدەگات، لەنێویاندا حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، کە ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشی گەورە بۆ سەر کوردستان لە باشوور و رۆژئاوای کەرکوک و باکووری موسڵەوە".

هەروەها بەپێی رۆژنامەی "وەتەنی" سعودی، ئەمریکا هۆشداری داوەتە عیراق، تورکیا و ئێران، لەئەگەر هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دەستوەردان دەکات و رێگری دەکات، رۆژنامەکە لەزاری سەرکردەیەکی باڵای دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کردووە "واشنتن هۆشداری داوە بە بەغدا، ئەنقەرە و تاران لەهەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر کوردستان".

لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە 92%ـی دەنگدەران، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، بەغدا بەردەوام هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات و چەندین تۆمەتی جیاجیای خستووەتە پاڵ، بەڵام شەوی رابردوو لە راگەیەندراوێکی شەش خاڵیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی وەڵامی هەموو هەڕەشەکانی دایەوە.

هــ. ر


PM:02:07:12/10/2017


ئه‌م بابه‌ته 17830 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو