"دەست بەسەر داهاتى نەوتى هەرێمدا دەگرین"
حەیدەر عەبادی بەزمانی كوردی پەیامێك ئاڕاستەی گەلی كورد دەكات

‌حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق

وێستگە نیوز-

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا كە هەژماری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەزمانی كوردی لە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، پەیامێك ئاڕاستەی گەلی كورد دەكات و تیایدا لەسەر مووچە و قوتی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: "بەرگری لە گەلی كورد دەكەین هەروەك چۆن بەرگری لەهەموو هاوڵاتیانی عێراق دەكەین وە رێگە نادەین هەڕەشە بكرێتە سەریان.

هاوكات عەبادی لەو پەیامەیدا بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەشڵێت: "ئێوە هاوڵاتی پلە یەكن و رێگە نادەین هیچ زەرەرێكتان بەركەوێت و وە پارچە نانتان لەگەڵ دابەشدەكەین.

سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو پەیامەیدا ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆنتڕۆڵكردنی داهاتی نەوت لە هەرێمی كورستاندا لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانە لەسەرانسەری هەرێمدا بۆئەوەی ئەو پارانە نەچێتە گیرفانی گەندەڵكاران.

ئەم پەیامەی حەیدەر عەبادی لەكاتێكدایە، كە رۆژی دووشەممەی رابردوو 25ی ئەیلول هەرێمی كوردستان وێڕای هۆشدارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان ریفراندۆمی ئەنجامدا و لەبەرامبەریشدا حكومەت و پەرلەمانی عێراق لە 13 خاڵدا، لەبەرواری 28ی ئەیلول چەندین رێكاری تووندی لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان گرتەبەر.


دەقی راگەیەندراوەكەی نووسینگەی رۆژنامەوانی حەیدەر عەبادی:
حکومەتی عێراق ماف و دەسکەوتەکانی هەموو هاوڵاتیان دەپارێزێت، بە هاوڵاتیانی کوردستانیشەوە، وەهەر بڕیارێک دەربچێت ڕەچاوی گەلی کورد دەکرێت وە ڕێگە نادرێ هەڕەشە بکرێتە سەریان.

نووسینگەی د. عەبادی: کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنووریە زەوی و ئاسمانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە بۆ برسی کردن و ڕێگریکردن لە هاتن و چوونی شتومەک و گەمارۆ خستنە سەر هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا نییە وەک هەندێک لە سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان هەوڵی بانگەشەی بۆدەکەن.

‎ئەمە تەنها بۆ چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکرنی هاتوچۆی شتوومەک و کەسەکانە لە ژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵ و دەزگا چاودێرییەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، بەهەمان ئەو شێوەیەی لە هەموو ناوچە سنووریەکانی عێراقدا هەیە، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە گەندەڵی و هەناردەکرنی نایاسایی.



د.ف


PM:06:18:30/09/2017


ئه‌م بابه‌ته 146409 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو