حکومەتی‌ ئێران لە کێشەی‌ مەرزە کۆڵبەرییەکان دەکۆڵێتەوە

‌کۆڵبەری پێشەیەکی پڕ مەترسی

وێستگه‌ نیوز ـ
نوێنەرێکی‌ کورد لە پەرلەمانی‌ ئێران ئاشکرایکرد، بڕیارە شاندێکی باڵای حکومی بە مەبەستی تاوتوێ کردنی کێشەی مەرزەکان سەردانی مەریوان و بانە بکات.


مەنسوور مورادی، نوێنەری خەڵکی مەریوان و سەوڵاوا لە پەڕلەمانی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی‌ کورد پرێس رایگەیاند: لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی باڵای حکومی لە سێ وەزارەت (وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پیشە و بازرگانی و وەزارەتی دارایی) بە مەبەستی تاوتوێ کردنی کێشەی مەرزەکان سەردانی بانە و مەریوان دەکەن.

راشیگەیاند، "بەهیواین سەردانەکە ئەنجامی ئیجابی هەبێت و هەنگاوێک بێت بۆ بەرەوپێشخستن و چارەسەرکردنی کێشەی کۆڵبەرەکان و دۆخی ئابووریی مەرزە لاوەکییەکانی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان".

نوێنەرە کوردەکەی‌ پەرلەمانی‌ ئێران جەختی‌ لەوەکردەوە، هەموو هەوڵ و توانای خۆیان بە کار دەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکە زوو بە زوو چارەسەر بکرێت.

ماوەی‌ چەند رۆژێکە بەهۆی‌ داخستنی‌ ئەو مەرزانەی‌ بەمەبەستی‌ کۆڵبەری‌ بەکاردەهێنرێت لە چەندین ناوچەی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان دەست بە مانگرتن کراوە و بەپێی‌ ئامارەکانیش بەهۆی‌ بڕیاری‌ داخستنی‌ ئەو سنورانەوە نزیکەی‌ 80 هەزار کۆڵبەر بێکاربوون.

هــ. ر


AM:10:12:26/04/2018


ئه‌م بابه‌ته 2863 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو